خانه‌قین.. هێرشی چه‌كداری كرایه سه‌ر خاڵێكی پشكنینی پۆلیسی فیدرالی
شه‌ڕ به‌رده‌وامه
K24 - هه‌ولێر:
ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراو له گوندی مه‌حمود عه‌زیز ئاغا (كه حوسێن مامه)شی پێده‌ڵێن، هێرشیانكرده سه‌ر خاڵێكی پشكنینی پۆليسی فیدرالی عێراق و شه‌ڕیش به‌رده‌وامه.
به گوێره‌ی زانیاریيەکان کە لە سەرچاوەیەکی پۆلیسی خانەقینەوە دەستی کوردستان24 کەوتوون، ھێرشەکە لەلایه‌ن گرووپێکی چەکدارەوە ئەنجامدراوە لەنزیک گوندی مه‌حمود عه‌زیز ئاغا (كه حوسین مامە)شی پێده‌گوترێت.
لە ئاکامى هێرشه‌كه‌شدا چوار کەس بریندار بوون، سێ لە بریندارەکان پۆلیسن لەگەڵ ھاووڵاتییه‌ك.
په‌یامنێری كوردستان 24 له گه‌رمیان راشیگه‌یاند، ئێستا ھێزێکی زۆری ئەمنی عیراقی گەیشتوونەتە شوێنی شه‌ڕه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه كۆنتڕۆڵ بكه‌نه‌وه.
ماوه‌یه‌كه جموجۆڵی چه‌كدارانی داعش له‌و ناوچه‌یه ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه و چه‌ندین موختاری گونده‌كانی ناوچه‌كه‌یان كوشتووه، هاوكات هۆشداریش له گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه ده‌درێت، به‌ڵام تا ئێستا دیار نییه ئه‌و چه‌كدارانه‌ی هێرشه‌كه‌ی ئه‌مشه‌ویان ئه‌نجامداوه سه‌ر به داعشن یان نا.
ئ. م