ئەمڕۆ كاندیدە دەرچووەكان سوێندی یاسایی دەخۆن
یەكەم كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمان كوردستان بەڕێوەدەچێت
K24 - ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ کاندیدە دەرچووەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاسایی بخۆن و وەك پەرلەمانتار دەست بەکاربن، بەڵام بەھۆی رێکنەکەوتنی پێش وەختەی لایەنە سیاسییەکان، دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ھەڵنابژێردرێت و دوادەخرێت بۆ دوای گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان لایەنەکان.
بێگەرد تاڵەبانی، كاندیدی دەرچووی لیستی یەكێتی و سكرتێری پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە كوردستان24 گوت: "كاندیدە دەرچووەكان سوێندی یاسایی دەخۆن، بەڵام لەبەر ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لەبارەی پێكھێنانی حكوومەت كۆنەبوونەتەوە، دەستەی سەرۆكایەتی ھەڵنابژێردرێ و دانیشتنەكەی پەرلەمان بەكراوەی دەمێنێتەوە".
گوتیشی: "لیستی براوەی یەكەمی ھەڵبژاردن كە پارتی دیموكراتی كوردستانە پێویستە ئەوان دەست بە سەردانی لایەنەكان و گفتوگۆ بكەن، بەڵام ھێشتا ئەوە نەكراوە".
پارتی دیموکراتی کوردستان وەك براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن، لیژنەیەکی لەئاستی باڵا پێکھێناوە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنە بەشداربووەکان، تا بەزووی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکوومەت پێکبھێنرێت. بەرپرسانی ئەو حزبە نایشارنەوە تا رێکەوتنەکان بە ئەنجام نەگەن دەستەی سەرۆکایەتی پێک ناھێنرێت.
لەوبارەوە شێخ حەسەن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لەسلێمانی -ھەڵەبجە، دەڵێت: "لیژنەیەكی باڵا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان پێكھاتووە و بەمزووانە سەردانی لایەنە سیاسییەكان دەكات".
راشگەیاند: "سەرەڕای كەموكورتییەكان پارتی و یەكێتی ئەزموونی بەڕێوەبردنیان ھەیە لە ھەرێمی كوردستان و چەندین دەسكەوتی لێ بەرھەم ھاتووە، بۆیە لەكابینەی داھاتوو یەكێتی بەپێی دەنگەكانی ھەقی خۆی پێدەدرێت".
لە یەكەم كۆبوونەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. رێڤینگ هروری، كە کاندیدێکی دەرچووی پارتی دیموکراتی کوردستانە وەك بە تەمەنترین کاندیدی دەرچوو سەرۆکایەتی كۆبوونەوەكە دەكات.
ھ.م