باندێکی هەڕەشەکەر و پارە وەرگر لە ھەولێر دەستگیر کرا

"باندەكە لە چوار كەس پێكھاتووە"

K24 - ھەولێر

پۆلیسی ھەولێر دەستگیركردنی باندێكی راگەیاند، كە ھەڕەشەیان لە خەڵك كردووە و پارەیان لێ وەرگرتوون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "دوای ئەوەی هاووڵاتیەك سکاڵای تۆمار کرد لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر- بنکەی پۆلیسی عەنکاوە، کە لەلایەن چوار کەسەوە هەڕەشەی لێکراوە و پارەی لێ وەرگیراوە، پۆلیس پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم رووداوە کردەوە و دەست کرا بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد. توانیان لە ماوەیەکی کەمدا ناسنامەی هەر چوار تاوانبار ئاشکرا بکەن و لە بۆسەیەکدا دەستگیریان بکەن".

لەوبارەوە موقەدم فەخرەدین، بەرێوەبەری پۆلیسی بەشی قەزای عەنکاوە رایگەیاندووە: "ئاگادار کراینەوە بەبوونی رووداوێکی هەڕەشە کردن و پارە وەرگرتن لە سنووری بنکەکەمان، ئێمەش دۆسیەی لێکۆڵینەوەمان بۆ ئەم رووداوە کردەوە و توانیمان ناسنامەی چوار تۆمەتبار ئاشکرا بکەین و دەستگیریان بکەین".

راشیگەیاندووە: "تۆمەتبار بە ناوەکانی (ط. ک. ر) تەمەن 20 ساڵ پیشە کاسب، (ئـ. ش. م) تەمەن 30 ساڵ پیشە کاسب، (ج. ج. ح) تەمەن 28 پیشە کاسب و (ر. ل. م) تەمەن 26 ساڵ پیشە کاسب، کە دانیان بە تاوانەکانیان دانا کەوا هەڵسابوون بە هەڕەشە کردن و وەرگرتنی پارە لەهاووڵاتیان".

پۆلیسی ھەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو: "پەڕاوی لێکۆڵینەوە خرایە بەردەم دادوەر و بڕیاریدا بە بەندکردنی هەر چوار تۆمەتبار بەپێی ماددە (2ی خراپ بەکارهێنانی مۆبایل) لە یاسای سزادانی عێراقی".