لە 10 مانگدا نزیكەی 40 ژن لە ھەرێمی كوردستان كوژراون
"ژنانیش وەك پیاوان پێویستیان بە ئازادییە"
K24 - سلێمانی
به گوێرهی ئامارەکان، لە ھەرێمی کوردستان حاڵهتهكانی کوشتن و خۆکوژی له نێو ژناندا لە زیادبووندایە، ھەر پێی ئامارێك لە ماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا 37 ژن بەھۆكاری جیاجیا كوژراون، رێكخراوهكانی تایبهت به مافهكانی ژنان و مامۆستایانی ئایینی و هۆشیاری ناوهندهكانی خوێندنیش نهیانتوانیوه كۆنتڕۆڵی حاڵهتەكان بكهن، بهشێك له حاڵهتهكانیش لە لایەن خێزان و بنهماڵەکانەوە بە کێشەی کۆمەڵایەتی ناودەبرێن و کەیسەکانیان دادهخرێن، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانیش كوشتن بە تاوانێكی گەورە ناودەبات.
عیرفان رەشید، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "ئەگەر كەسێك كەسێك بەبێ تاوان بكوژێت وەك ئەوە وایە ھەموو مرۆڤایەتی كوشتبێ، واتا كوشتن لە ئایینی ئیسلام تاوانێكی گەورەیە و ھەركەسێك پابەندبێت بە پەیامی ئاینی ئیسلام كەس ناكوژێت".
لە کاتی ھەر حاڵەتێکی کوشتن، رێکخراوهكانی مافی ژنان و مافەکانی مرۆڤ تەنیا ناڕەزایی دەردەبڕن، بەڵام نهیانتوانیووه به ناڕەزایی دهربڕین هیچ رێگرییهك بكهن له دووباره نهبوونهوهی ئهو رووداوهكان، بەشێك لە چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی و توێژەرانیش ھۆکارەکەی بۆ کەمی ھۆشیاری کۆمەڵگە ئەگەڕێننەوە.
ماردین عهبدولکهریم، چالاکوانی مەدەنی دەڵێ: "زۆر گرنگە باوك و براكان ھۆشیار بكرێنەوە، كە ژن و دایك و خوشكیان وەك ئەوان مرۆڤن و پێویستیان بە ئازادییە. ئەڵبەتە ئەگەر دایك و خوشكانیش رۆشنبیربن، باوكان و كوڕان كە لەژێر دەستی ئێمە پەروەردە دەكرێن، بەجۆرێك پەروەردەی بكەین كە رێز لە خوشك و دایك و ھاوسەری بگرێت".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە 10 مانگی رابردوودا 37 ژن بە ھۆکاری جیاجیا کوژراون، زیادبوونی حاڵەتەکانیش بەلای چالاکان و ھاوڵاتیانەوە مەترسییەکی گەورەن بۆ سەر ژنان.