ئەمەریکا لە پێنج جەنگ شکستی هێنا

گەورەترین سوپای جیهان چۆن لە چەند جەنگێک شەرمەزاربووە

K24 – هه‌ولێر:

سوپای ئەمەریکا خاوەن بەهێزترین سوپایە لە جیهان، بەڵام ئەمە واینەکردووە لە تەواوی جەنگەکان ئامانجەکەی بپێکێت.

رۆژنامەی ناشناڵ ئینترێست، پێنج جەنگی ئەمەریکا باس دەکات کە تیایدا ئەمەریکا لە رووی سەربازیی و دیبلۆماسی شکستی هێناوە و زیانەکانی زۆرتر بوون لە دەستکەوتەکانی.

جەنگی ڤێتنام (1962-1975)

هیچ جەنگێکی ئەمەریکا هێندەی جەنگی ڤێتنام مایەی شەرمەزاری نەبووە بۆ ئەمەریکییەکان.

ئەمەریکییەکان پشتگیری حکوومەتی باشووری ڤێتنامیان دەکرد و چین و یەکێتی سۆڤیەتی پێشووش، پشتگیری باکووری ڤێتنامیان دەکرد کە حکوومەتێکی کۆمۆنیستی هەبوو، دوای زیاد لە 13 ساڵ جەنگ، دواجار سوپای باکووری ڤێتنام ئەمەریکییەکانیان لە باشوور وەدەرنا و وڵاتەکەیان کردەوە بە یەک.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، لەو جەنگەدا ئەمەریکا 168 ملیار دۆلاری خەرج کردووە و 58 هەزار و 220 سەربازیش گیانیان لەدەستداوە.

جەنگی لوبنان (1982-1984)

لە ساڵی 1982 ئیسرائیل باشووری لوبنانی داگیرکرد ئەمەش بەهۆی ئەوەی چەکدارانی رێکخراوی ئازادی فەڵەستین لەوێوە هێرشیان بۆ ئیسرائیل ئەنجام دەدا.

دواتر ئەم جەنگە بۆ جەنگی ئیسرائیل و عەرەب گۆڕا چونکە فەڵەستین و سووریاش هاتنە ناو هاوکێشەکەوە.

رۆنالد ریگان، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمەریکا، بڕیاریدا سوپای ئەمەریکا بۆ چەسپاندنی ئاشتی بچێتە ناو لوبنان، بەڵام هەر زوو بوونە ئامانجی میلیشیا و کردەوە خۆ کوژییەکان.

هیچ هێزێک نەچووە ژێر کاریگەری ئەمەریکا و لە دوای کوژرانی 241 سەربازی ئەمەریکا و خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی، ئەمەریکا لە ساڵی 1984 لە لوبنان کشایەوە.

عێراق (2003)

ئەمەریکا بە نیازی لەناوبردنی رژێمەکەی سەددام حوسێن هاتە عێراق و نیازی هەبوو دوای لەناوبردنی سەددام، بە چەند مانگێک حکوومەتێکی دیموکراسی دروستبکات و سوپاکەی بگەڕێنێتەوە.

بەڵام سوپای ئەمەریکا کەوتە بەر لێشاوی هێرشی چەندین گروپی سووننی، شیعی و تیرۆرستی.

ئەمەریکا نە توانی حکوومەتێکی دیموکراسی دروستبکات و لە ژێر کاریگەری خۆیدا بێت، نە توانی ئارامیی و ئاسایش بۆ عێراق دابین بکات، دواجاریش باراک ئۆباما بەشێکی زۆری سوپاکەی کشاندەوە.

لە ساڵی 2003ەوە تاکو ئێستا، ئەمەریکا 822 ملیار دۆلاری لە عێراق خەرجکردووە.

لیبیا (2011)

کاتێک لە ساڵی 2011، خۆپیشاندان لە لیبیا دروستبوو، قەزافی بە شێوەیەکی تووند وەڵامی دانەوە، ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریاندا یاسای پاراستنی هاووڵاتیان پەسەند بکەن، دواتر ئەو یاسایە بۆ گۆڕینی رژێمی لیبیا گۆڕا.

دوای کوشتنی قەزافی لەلایەن چەکدارە یاخییەکان، وڵات بووە کەلاوە.

لە ئێستادا نەوتی لیبیا لەلایەن چەند هێزی جیاواز بە جیا دەفرۆشرێت، هەریەک لە وڵاتانی ئیمارات، میسر و قەتەر شەڕی زیادکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن لەو وڵاتە.

ئەگەرچی سیاسەتەکە ئەمەریکا دایڕشت، بەڵام ئێستا ئەمەریکا هیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە لیبیا و بەڵکو کۆمەڵێک وڵات و گروپی دیکە داهات و سامانی لیبیا دەبەن.

ئەفغانستان (2001)

لە دوای هێرشەکانی ١١ی سێپتێمبەر و تەقاندنەوەی دوو تاوەری بازرگانی ئەمەریکا لە نیویۆرک، سوپای ئەمەریکا چووە ئەفغانستان.

ئەمەریکا دەستی بە داماڵینی رێکخراوی ئەلقاعیدە و رژێمی تاڵیبانکرد.

بەڵام جەنگی ئەمەریکا دژ بە تیرۆرستان لە ئەفغانستان تاکو ئەمڕۆش درێژەی هەیە و هێشتا 14 هەزار سەربازی ئەمەریکی لەو وڵاتە ماون.

ئەو حکوومەتەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان پشتگیری دەکات، تەواو لاواز، گەندەڵ و بێ تاکتیکە.

لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو، نزیکەی 30 هەزار سەربازی ئەفغانی کوژراون و تا دێت گروپە چەکدارییەکان بەهێزتر دەبن.

جیا لە خەرجکردنی ملیارەها دۆلار، دوو هەزار و 372 سەربازی ئەمەریکی لە ئەفغانستان کوژراون و زیاد لە 20 هەزاری دیکەش برینداربوون.

 H.J