ئەیلوول.. شۆڕشێک کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە

ئەیلوول.. شۆڕشێک کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە
ئەیلوول.. شۆڕشێک کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە

لە مێژووی گەلاندا هەندێک شۆڕش تەنیا بۆ گۆڕینی حکوومەتێک یان وەرگرتنی ناوچەیەک لە دەست دەسەڵاتێک نییە، بەڵکو شۆڕشێکە بۆ گۆڕینی پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ مێژوو و چارەنووسی خۆی, شۆڕشی ئەیلوول لە مێژووی نوێی کورددا لەو جۆرە شۆڕشانەیە,ئەو شۆڕشە تەنیا چەک لە دەستی پێشمەرگە نەبوو بیرۆکەیەک بوو لە ناو کۆمەڵگەدا گەشەی کرد و لە کۆتاییدا بوو بە سیاسەت، بەڕێوەبردن، پەروەردە، دامەزراوە و هۆشیاریی نەتەوەیی

هێگل لە تێڕوانینی خۆیدا بۆ مێژوو، مێژوو بە پرۆسەیەکی بێئامانج نابینێت، ئەو مێژوو بە پرۆسەیەکی بەردەوام دەبینێت بۆ  ناسینەوەی مرۆڤ لە خۆی و ئازادییەکانی، لەو روانگەیەوە، شۆڕشی ئەیلوول تەنیا زنجیرەیەک لە جەنگ و پێکدادان نەبوو ، پرۆسەیەکی مێژوویی بوو، کۆمەڵگەیەک هەوڵیدا لە پەراوێزی مێژووەوە بێتەوە ناو مێژوو ،ناو ناوەندی داواکارییە سیاسی و نەتەوەییەکانی خۆی.

دوای کۆتایی هاتنی ئەو قۆناخەی کە میرنشینە کوردییەکان بە شێوەیەکی جیاواز لە ناوچەکانی کوردستاندا بوونیان هەبوو، و بە تایبەتی دوای کەوتنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ساڵی 1946 و رۆشتنی مەلا مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، کوردستان چووە قۆناخێکی سەختی مێژووییەوە، کەوتنی کۆماری کوردستان تەنیا کەوتنی حکوومەتێک نەبوو ،بۆ زۆرێک لە کوردان نیشانەی ئەوە بوو ئەو دەرفەتە مێژووییەی بۆ ماوەیەکی کورت دروست بوو بەهۆی هاوکێشەی هێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە رووخێنرا، بەڵام لە مێژوودا کەوتن هەمیشە بە مانای کۆتایی نایەت، هەندێک کات کەوتن دەبێتە ئەو خاکەی کە بیرۆکەی نوێی لەسەری دەڕوێتەوە، هانا ئارێنت لە خوێندنەوەی شۆڕشەکاندا جەختیکردەوە، هێزی سیاسی تەنیا لە چەکەوە نایەت ، هێزی راستەقینە لە کۆبوونەوەی مرۆڤەکان لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش دروست دەبێت، لەو روانگەیەوە ئەوەی دوای مەهاباد روویدا لە نێوان کەوتن و هیوابڕکێدا، قۆناخی پێکهێنانی هێزی سیاسیی نوێی کورد بوو.

لە دوای شۆڕشی 14ی تەموزی 1958 و رووخانی رژێمی پاشایەتیی عێراق، دۆخێکی نوێ  دروست بوو، قاسم بەفەرمی داوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر و هاوڕێکانی کرد بۆ عێراق، لە دوای گەڕانەوەی بارزانی لە ئەیلوولی 1958 و دەستپێکردنی گفتوگۆکان، لە دەستووری کاتی عێراق کورد و عەرەبی بە هاوبەشی نەتەوەی عێراق ناساند و پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان قاسم کورد دروست بوو.

گەڕانەوەی بارزانی بۆ عێراق بۆ کوردان تەنیا گەڕانەوەی سەرکردەیەکی شۆڕش نەبوو، گەڕانەوەی هیوایەک بوو کە دوای مەهاباد لە ناخی کۆمەڵگەدا زیندوو مابوو، لەو قۆناخەدا بارزانی پشتیوانی لە حکوومەتی قاسم کرد، چونکە هێشتا هیوا هەبوو کێشەی کورد لە چوارچێوەی دەستوور و پەیوەندییەکی سیاسیی نوێدا چارەسەر بکرێت، بەڵام مێژوو زۆرجار لە نێوان بەڵێنی دەسەڵات و کرداری دەسەڵاتدا جیاوازییەکی گەورە دروست دەکات.

لە ساڵانی دواتردا پەیوەندیی حکوومەتی قاسم سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بە خێرایی ئاڵۆز بوو حکوومەت لە جێبەجێکردنی ئەو پەیمان و بەڵێنانەی کە بە کوردی دابوو پاشەکشەی کرد، لەهەمان کاتدا هەوڵەکانی فشارخستنەسەر بزووتنەوەی کوردی و زیادبوونی هێزی سەربازی لە ناوچە کوردییەکان، پەیوەندییەکان بەرەو پێکدادان برد، بەگوێرەی بەڵگە مێژووییەکان حکوومەتی قاسم لە ساڵی 1961 هێرشی سەربازیی بەرفراوانی بۆ سەر بزووتنەوەی سیاسی  کوردی دەستپێکرد و هەروەها هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچە کوردییەکان هەبوو ، ئەمەش بەرەی ناکۆکییەکەی فراوانتر کرد، لە دیدی ماکس ڤێبەرەوە، دەسەڵات کاتێک بەردەوام دەبێت کە بتوانێت بۆ خۆی رەوایی دروست بکات،کاتێک دەسەڵات لە بەڵێنە سیاسییەکانی خۆی دوور دەکەوێتەوە و زۆر و فشار جێگای گفتوگۆ دەگرێتەوە، بنەمای رەواییەکەی لاواز دەبێت ئەمە یەکێکە لەو کلیلانەی دەتوانرێت بەهۆیەوە پەیوەندیی نێوان حکوومەتی قاسم و بزووتنەوەی کوردی لێک بدرێتەوە.

لە 11ی ئەیلوولی 1961دا شۆڕشی ئەیلول دەستیپێکرد شۆڕشێک کە بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی و بەشداریی بەشێکی فراوان لە کۆمەڵگەی کوردستان، ئەم شۆڕشە بوو بە یەکێک لە درێژخایەنترین قۆناخەکانی بەرگریی کورد لە مێژووی نوێدا،  سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن ئەو شۆڕشە لە سەرەتادا بە ژمارەیەکی کەم لە چەکداران دەستیپێکرد، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات بوو بە بزووتنەوەیەکی گەورەی سیاسی ـ کۆمەڵایەتی، ئەگەر شۆڕش تەنیا بە ژمارەی پێشمەرگە و چەک و تەقەمەنی بپێوردرێت بەشی زۆری راستییەکەی لەدەست دەدرێت شۆڕشی ئەیلوول بەهۆی ئەوە گەورە بوو کە لەگەڵ کۆمەڵگەدا پەیوەندییەکی پتەو و قوڵی دروست کرد

کورد، بە پێی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی ئەوکات تەنیا لە کۆمەڵێک چەکدار پێکنەهاتبوو گوندنشین، شارنشین، مامۆستا، خوێندکار، رۆشنبیر، ئایینی، کاسبکار، جووتیار و چین و توێژە جیاوازەکان بە شێوەی جیاواز بە پرۆسەکەوە بەستراونەتەوە ، هەروەها لە هەندێک ناوچەدا کۆمەڵگە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکانیش بە شێوەی جیاواز لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوولدا پەیوەندییان هەبوو، ئەمەش گرنگترین خاڵە فکرییەکەی شۆڕشی ئەیلوولە، شۆڕش کاتێک دەبێتە دیاردەیەکی مێژوویی کە لە چوارچێوەی هێزی سەربازی تێدەپەڕێت و دەبێتە بەشێک لە هۆشیاریی کۆمەڵگە پێشمەرگە تەنیا هێزێکی چەکدار نەبوو دامەزرێنەری دەسەڵاتێکی نوێ بوو.

لە مێژووی شۆڕشەکاندا خاڵێکی گرنگ هەیە،  ئەوەی شۆڕش چۆن لە بەرگریەوە دەگۆڕێت بۆ دامەزراندن، شۆڕشی ئەیلوول لە ماوەی خۆیدا تەنیا لە بەرەی سەربازی نەجەنگا بەڵکو لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بە شێوەیەکی جیاواز سیستەمی بەڕێوەبردن، پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، پەروەردە و ژیانی سیاسی دروست کرد بەڵگەکانی ئەو سەردەمە نیشانی دەدەن کە ئامێرەکانی بەڕێوەبردن لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شۆڕشدا بەردەوام بوون ، ئەمەش شۆڕشەکە لە ئاستی شۆڕشی چەکدار بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی ئەزموونی دەسەڵات و دامەزراوەسازی و خۆبەڕێوەبردن.

ئەنتۆنیۆ گرامشی، لە بیرکردنەوەی سیاسیی خۆیدا بڕوای وایە کە هێزی سیاسی تەنیا بە زۆری دەستکەوتی مادی بەردەوام نابێت بەڵکو پێویستی بە هێزی کۆمەڵایەتی و رەواییی فکری هەیە، لەو روانگەیەوە ئەیلوول تەنیا بەرەیەکی سەربازی نەبوو هەوڵێک بوو بۆ دروستکردنی جۆرێک لە رەواییی سیاسی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا.

دوای نزیکەی نۆ ساڵ جەنگ و بەرگری و پێکدادان، حکوومەتی عێراق بەرەو گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردایەتی کورد چوو و سەرەنجام رێککەوتنی 11ی ئاداری 1970  واژۆ کرا، ئەم رێککەوتنە یەکێک بوو لە گرنگترین خاڵەکانی مێژووی سیاسیی کورد لە سەدەی بیستەمدا ، چونکە حکوومەتی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی دانینا بە بەشێک لە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی کورد و پرۆژەی خودموختاریی کوردستانی عێراق لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا دانرا،  
بەڵام لە خوێندنەوەیەکی زانستییەوە نابێت 11ی ئادار تەنیا بە کۆتایی شۆڕش ببینرێت،بەپێچەوانەوە دەبێت وەک ئەو خاڵە ببینرێت کە بەرگریی سەربازی توانای گۆڕینی پەیوەندیەکانی هێزی لە مەیدانی سیاسییەوە نیشان دا ، بەڵام لە هەمان کاتدا شکستی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە نیشانی دا کە واژۆکردنی بەڵگەی سیاسی بە تەنیا بەس نییە بەڵکو پێویستی بە رەوایی، دامەزراوە، متمانە و ویستی راستەقینەی هەردوو لایەن هەیە، بەڵام حکوومەتی عێراق وەک هەموو جارەکانی دیکە کاتێک هەندێک هێزی بەخۆیەوە بینی پشتی لە رێککەوتنە کرد.  پاش نزیکەی چوار ساڵ گفتوگۆ و ناکۆکی بەتایبەت کێشەکانی سنووری ناوچەی خودموختاری ، بەدیاریکراوی کێشەی کرکوک و ناوچەکانی تر لەگەڵ ناکۆکیی سیاسی و نەبوونی متمانە، وای کرد کە رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێ نەکرێت و لە ئازاری 1974 دا پەیوەندییەکان بەرەو شەڕی نوێ گەڕانەوە

ئەم قۆناخە وانەیەکی زانستیی گرنگی تێدایە،  لە سیاسەتدا رێککەوتن بۆ خۆی ئامانج نییە بەڵکو دەستپێکی قۆناخێکی نوێی پەیوەندیی هێزە ،لە ساڵی 1975دا چارەنووسی شۆڕشی کورد بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەسترایەوە بە هاوکێشەی هێزی نێوان عێراق و ئێرانەوە، ئەوەبوو لە 6ی ئاداری 1975 رێککەوتنی جەزائیر لەنێوان محەمەد رەزا شا و سەدام حوسێن، کە ئەوکات جێگری سەرۆکی کۆماری عێراق بوو کرا، بەمەش  ئێران هەمووجۆرە پاڵپشتیەکی بۆ بزووتنەوەی کورد راگرت و داوای جێهێشتنی خاکی وڵاتەکەی کردو دەستیکرد بە گەڕاندنەوەی بەزۆری کەسوکاری پێشمەرگە بۆ ناوخاکی عێراق و ژێردەسەڵاتی رژێمکرد ئەم هەنگاوانەش  وردەوردە توانای شۆڕشی لاوازکرد، بارزانی لە نێوان بەردەوامبوون لە شەڕێکی نایەکسان و پاراستنی بنەمای قەزیەی کورد، بڕیاری راگرتنی کاتی شۆڕشی دا

ئەگەر شۆڕشی ئەیلوول تەنیا بە یادەوەریی شەڕ و پێشمەرگە و کوژراوان بخوێندرێتەوە، تەنیا بەشێکی بچووک لە راستییەکەی دەبینین، گرنگیی ئەیلوول لەوەدایە نیشانیدا کە کۆمەڵگەیەکی بێدەوڵەت دەتوانێت لەگەڵ پەلامار و فشاردا هۆشیاریی سیاسیی خۆی بپارێزێت، دامەزراوە دروست بکات، سەرکردایەتیی سیاسی پێکبهێنێت، بەرگری بکات و لە کۆتاییدا حکوومەتێکی ناوەندی بە دانپێدان بە مافەکانی ناچار بکات، لەم روانگەیەوە شۆڕشی ئەیلوول پەیوەندییەکی قوڵی لەنێوان هۆشیاریی نەتەوەیی، رێکخستنی سیاسی و بەرگریی سەربازی دروستکرد ، ویل دورانت لە خوێندنەوەی مێژوودا جەخت لەوە دەکاتەوە کە مێژوو تەنیا کۆمەڵێک رووداو نییە، ئەزموونی مرۆڤەکانە کە دەبێت وانەی لێ وەربگیرێت، ئەگەر ئەم بنەمایە بۆ ئەیلوول بەکاربهێنین، ئەوا پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە لە ئەیلوولدا چەند شەڕ کراپرسیاری گەورەتر ئەوەیە ئەیلوول چۆن گۆڕانی کۆمەڵگەی کوردی لە کۆمەڵگەیەکی بەرگریکار بۆ کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و رێکخراوی سیاسی گۆڕی؟

ئەیلوول بەتەنیا شۆڕشێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو قۆناخێکی گەورە بوو لە دروستکردنی بیرۆکەی ئەوەی کە کورد دەتوانێت خۆی وەک کۆمەڵگەیەکی سیاسی بناسێت و بۆ مافەکانی لە چوارچێوەی سیاسەت، دیپلۆماسی، دامەزراوەسازی و بەرگریدا خەبات بکات، بۆیە ئەیلوول دەکرێت بە یەکێک لە گەورەترین تاقیکردنەوە مێژووییەکانی گەلی کورد دابنرێت ، تاقیکردنەوەیەک کە تەنیا بە شەڕ و خوێن نەنووسراوەتەوە، بەڵکو بە هیوای نەتەوەیی و هۆشیاریی سیاسی و رێکخستن، متمانە، خەبات و توانای گۆڕینی کەوتن بۆ ئەزموون نووسراوەتەوە.

ئەوەی ئەیلوول بە جێی هێشتووە تەنیا مێژووی رابردوو نییە بەڵکو پرسیارێکە بۆ ئەمڕۆش دەبێت بکرێت ئەویش ئەوەیە: ئایا گەلێک کە توانای ئەوەی هەبێت لە تاریکیی دوای مەهاباددا هیوای خۆی زیندوو بکاتەوە و لە ساڵی 1970دا دەوڵەتێکی ناوەندی ناچاربکات بە دانپێدان بە مافەکانیدا، ناتوانێت لە ئەزموونی خۆی بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی گەرەترو گەشاوەتر هەنگاوبنێت؟

ئەیلوول تەنیا رووداوێکی مێژوویی نییە کە لە ساڵی 1975دا کۆتایی هاتبێت، چونکە ئەو شۆڕشە ئامانجێکی گەورەو رەوای هەبوو کە هێشتا تەواو نەبووە، ئەو ئامانجە ماف و ئازادی و هۆشیاریی نەتەوەیی و توانای گەلێکە بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی بنووسێتەوە.
ئەیلوول تەنیا لە مێژوودا نەماوەتەوە لە هۆشیاریی گەلدا بەردەوامی هەیە چونکە شۆڕش بۆ ماف و ئازادی گەل تەنیا بە راگرتنی چەک کۆتایی نایەت، بەپێچەوانەوە ئەیلوول تەواو نەبووە تا ئەو رۆژەی کە ئامانجەکانی بگەنە مەبەست، ئەیلوول هەروا بەردەوامە نەک تەنیا وەک یادەوەرییەکی رابردوو بەڵکو وەک ئەرکێک بۆ ئەمڕۆ و هیوایەکی بۆ داهاتوو باشترین بەڵگەش ریفراندۆمی ئەیلوولی 2017یە.