ماکرۆن لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکەوێتە گفتوگۆ

"وتارێک پێشکەش دەکات"

K24 – هه‌ولێر:

ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەمڕۆ دووشەممە 10/12/2018 لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران کۆدەبێتەوە.

136 هەزار خۆپیشاندەر لە فەرەنسا داوای رێکخستنەوەی یاساکانی باج، سووتەمەنی و خزمەتگوزارییەکان دەکەن، بەڵام زوو بەشێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان پەنایان بۆ توندتووتیژی و فەرهود برد.

لە چەند رۆژی رابردوودا، دەیان دوکان و شوێنی بازرگانی تاڵان کراون، جیا لەمەش، چەندین ئۆتۆمبێل و شوێنی کار ئاگریان تێبەردراوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی لێ فیگارۆی فەرەنسی، بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 12ی پاشنیوەڕۆ (بەکاتی هەولێر)، ماکرۆن، ئێدوارد فیلیپ، سەرۆک وەزیران و نۆ وەزیر لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران کۆ ببنەوە.

دوای کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران، ماکرۆن سەر لە ئێوارە وتارێک پێشکەش بە گەلی فەرەنسا دەکات و پلان و کارەکانی حکومەتەکەی بۆ کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکان رادەگەیەنێت.

 H.J