نیویۆرک تایمز: به‌هۆی كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ هێرشه‌كانی داعش بۆ كه‌ركووك زیادیكردووه‌

"ئەمەریکا و عێراق پەلەیان کرد لە راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا"

K24 – هه‌ولێر:

دوای جەنگێکی خوێناویی و 30 هەزار هێرشی ئاسمانی، دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق- شام (داعش)، ئەو ناوچانەی لە دەستدا کە لە عێراق و سووریا داگیریکردبوون.

ساڵێک بەسەر راگەیاندنی شکستی داعشدا تێپەڕدەبێت، بەڵام هێشتا ئەو گروپە تیرۆرستییە بە دوای هەلێک دەگەڕێت تاکو لانی کەم بوونی خۆی بسەپێنێت و هێشتاش کۆنتڕۆڵیان بەسەر چەند ناوچەیەکی کەمدا هەیە.

لە 24ی تشرینی دووەم، داعش توانی شارۆچکەی هەجین کە دەکەوێتە نێوان سنووری سووریا و عێراق، لەدەست هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەربێنێت و بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمەریکاش هۆکارەکەیان بۆ سوود وەرگرتنی داعش لە کەشوهەوای خراپ و خۆڵبارین گەڕاندەوە.

دواتر هێزەکانی سووریای دیموکرات دژە هێرشیان ئەنجامدا و توانیان بەشێک لە شارۆچکەکە کۆنتڕۆڵبکەنەوە و کۆتایی بە پێشڕەوییەکانی داعش بهێنن.

ماکسوێل مارکوسێن، توێژەر لە سەنتەری ستراتیژی سیاسەتی نێودەوڵەتی لە واشنتن بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی گوتووە: "ئەمەریکا و بەرپرسانی عێراق پەلەیان کرد لە راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا چونکە ئەوان وشەی "دۆڕاو" و "هەڵوەشاوەیان" بەکارهێنا، داعش لەو دوو وشەیە زۆر دوورە".

لە ساڵی 2014، داعش هێندەی رووبەری وڵاتی بەریتانیا لە عێراق و سووریا خاکییان بەدەستبوو، بەڵام ئێستا نزیکەی 35 کلیۆمەتریان لەژێر دەستە.

ئەوە راستە کە داعش، رووبەرەکەی کەمیکردووە، بەڵام لە خاکی عێراق، بەتایبەت لە پارێزگای دیالە، داعش چالاکییەکانی لە زیادبوونە.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نووسیویەتی، لەگەڵ کشانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شاری کەرکووک، داعش هێرشەکانی بۆ سەر ئەو پارێزگایە زیاد کردووە.

ماکسوێل مارکوسێن دەڵێت، داعش لەمساڵدا، هێرش و چالاکییەکانیان زیاد کردووە و ئەگەرچی هەزارەها چەکداریان کوژراون، بەڵام هێشتا 20 بۆ 30 هەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا بوونیان هەیە، ئەمەش هەمان ئەو ژمارەیە کە دەزگای هەواڵگیری سی ئای ئەی ئەمەریکی لە ساڵی 2014 لەبارەی ژمارەی چەکدارانی داعش ئاشکرایکردبوو.

لە رێگای واتسئەپ، نیویۆرک تایمز چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەکدارێکی داعش کردووە و لێی پرسیوە، ئایا پێت وایە داعش دەتوانێت بگەڕێتەوە؟

لە وەڵامدا ئەو چەکدارەی داعش بە ناوی یەحیا دەڵێت: "لەگەڵ نەمانی هێرشە ئاسمانییەکان، ئێمە راستەوخۆ دەگەڕێینەوە".

مەزهەر ئەلعەزاوی، فەرماندە لە سوپای عێراق، تاکتیکی نوێی داعش ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "ئەوان دەستیان کردووە بە تاکتیکی "گورگی تەنیا"، واتە سێ بۆ چوار کەس شانەیەک دروست دەکەن و دەست بە چالاکی دەکەن".

داعش وەک ئایدەلۆژیا و ژمارەی چەکداریش، هێشتا رەگێکی قووڵی لە عێراق هەیە، چونکە بەشێک لە هۆکاری دروستبوونی ئەو رێکخراوە بۆ هەژاری، برسێتی، نەخوێندەواری، شەڕی مەزهەبی و گەندەڵی لە عێراق دەگەڕێتەوە، تاکو ئێستاش تەواوی ئەم دیاردانە لە عێراقدا بوونیان هەیە.

H.J