ساڵح موسلیم: ئه‌ردۆغان شه‌ڕی دژی بوونی كورد راگه‌یاندووه
"ئه‌ردۆغان بۆ تێكشكاندنی توندڕه‌وه‌كان له باكووری سووریا ئازار ده‌چێژێ"

K24 - هه‌ولێر:
ساڵح موسلیم، به‌رپرسی كۆمیته‌ی په‌یوه‌ندییه دپلۆماسییه‌كانی ته‌ڤده‌م رایگه‌یاند: "هه‌ڕه‌شه‌كانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا بۆ هاتنه ناو باكووری سووریا، به واتای راگه‌یاندنی جه‌نگه له‌سه‌ر بوونی كورد".
ساڵح موسلیم به كه‌ناڵی "الحرة"ـی گوتووه: "ئه‌ردۆغان هه‌ڕه‌شه له باكووری سووریا ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر عه‌فرین كردی، چونكه ئه‌و پێیوایه ده‌بێت گه‌لی كورد بوونی نه‌بێت".
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی ته‌ڤده‌م توركیای تۆمه‌تبار كردووه به‌وه‌ی، رێگا نادات كورد په‌یوه‌ستی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵه سیاسیانه‌ی جنێڤ و سۆچی و ئه‌ستانا و شوێنه‌كانی دیكه ببێت كه بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سووریا ده‌درێن، ئامانجیشی ئه‌وه‌یه كورد نه‌بێته خاوه‌نی هیچ مافێكی دیموكراسی له‌ناو سووریادا".
ساڵح موسلێم ده‌ڵێت: "ئه‌ردۆغان ماوه‌ی حه‌وت ساڵه سووره له‌سه‌ر په‌كخستنی هه‌ر چاره‌سه‌رێكی سیاسی له سووریا، جگه له‌وه‌ش كاتێك گورز له توندڕه‌وه‌كان ده‌وه‌شێنرێت له باكووری سووریا، ئه‌ردۆغان ئازار ده‌چێژێ".
ساڵح موسلیم ره‌تیكردووه‌ته‌وه هه‌ندێك گرووپی كوردی پێشێلكارییان دژی هه‌ندێك پێكهاته ئه‌نجام دابێت وه‌ك ده‌ركردنی به زۆر و گوتوویه‌تی: "باكووری سووریا ته‌نها مۆڵگه‌ی دیموكراسییه له ناوچه‌كه‌دا".
هه‌فته‌ی رابردوو، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی فوراتی كرد و هێزه‌كانی یه‌په‌گه و هه‌سه‌ده‌ش ده‌ڵێن: "ئاماده‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ن و هه‌ر هێرشێك له‌لایه‌ن توركیاوه بكرێت ئه‌وان شه‌ڕی داعش راده‌گرن و به‌ره‌نگاری سوپای توركیا ده‌بنه‌وه".