پارتی و گۆڕان جەخت لە داڕشتنی بەرنامەی ھاوبەش دەكەنەوە
كۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان كۆتایی ھات
K24 - سلێمانی
ئەمڕۆ شاندی دانوسانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە و دوای كۆتاییھاتنی كۆبوونەوەكە راگەیەندراوێكی ھاوبەشیان بڵاوكردەوە و جەختیان لە دارشتنی بەرنامەیەكی ھاوبەش بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كردەوە.
لە راگەیەندراوە ھاوبەشەكەی پارتی و گۆڕان ھاتووە: "كۆبوونەوەكە لە كەشوھەوایەكی بەرپرسانە و بە ئومێدی كاركردنی ھاوبەش بەڕێوەچوو، ھەردوولا جەختیان لە لەوەكردەوە كە پرۆسەی گفتوگۆكردن بەردەوامە بۆ دەست نیشانكردنی ئەو خاڵە ھاوبەش و زۆرانەی لە روانگەی ھەردوو شاند ھەیە بۆ بەرنامەی كابینەی حكوومەت بە ئامانجی باشتركردنی بژێوی خەڵك و چاكسازی ریشەیی لە ھەموو بوارەكان".
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەكراوە: "كۆبوونەوەكە جەختی لەوەكردەوە كە گرنگە بەرنامەیەكی ھاوبەش دابڕێژرێت بۆ بوارەكانی شەفافیەت و بەھێزكردنی دامەزراوەكانی حكوومەت لە بەڕێوەبردنی زیاتری خزمەتگوزارییەكان و ئیدارەدانی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".
