روبیۆ: عێراق رۆڵێکی ئەرێنی لە ئارامیی ناوچەکەدا دەگێڕێت
"پێشوازی لە هەوڵەکانی عێراق بۆ بەهێزکردنی سەروەری و سەقامگیریی ناوچەکە دەکەین"
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پەرۆشیی واشنتنی بۆ پتەوکردنی هاوبەشییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ بەغدا دەربڕی، هاوکات پێشوازی لە هەوڵە بەردەوامەکانی بەغدا کرد بۆ چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
شەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیامێکدا بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی عێراق، پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عێراق کرد و پێشوازیی وڵاتەکەی لە هەوڵەکانی بەغدا بۆ بەهێزکردنی سەروەریی نیشتمانی و چەسپاندنی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەربڕی.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕوبیۆ تیشکی خستە سەر ئاسۆی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رایگەیاند: بە پەرۆشەوە دەڕوانینە قۆناخی داهاتوو بۆ زیاتر بەهێزکردن و برەودان بە هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان واشنتن و بەغدا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەمریکا بە بایەخ و پێشوازییەوە لەو هەوڵە پڕبایەخانەی عێراق دەڕوانێت کە بە مەبەستی بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت و پتەوکردنی سەقامگیریی هەرێمی لە ناوچەکەدا دەدرێن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە ڕەهەندە دارایی و بازرگانییەکان کرد و گوتی: "هاوبەشیی ئابوورییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا رەنگدانەوەی هەبوونی دەرفەت و توانایەکی یەکجار گەورەن بۆ هاوکاریی هاوبەش و بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووریی بەردەوام.
مارکۆ روبیۆ باسی لە ئاستی پەیوەندییە باڵاکانی نێوان هەردوو وڵات کرد و رایگەیاند: سەردانەکەی ئەم دواییەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، جەخت لەسەر قووڵایی و پتەویی ئەو دۆستایەتییە مێژوویی و نزیکە دەکاتەوە کە هەردوو وڵات بە یەکەوە دەبەستێتەوە.