یارییه‌كانی ئه‌مرۆی خولی پله‌یه‌كی كوردستان كۆتایی هات

یانه‌ی خاك له‌ خاپووركردنی به‌رامبه‌ره‌كانی به‌رده‌وامه‌

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می خولی پله‌یه‌كی تۆپی پێی كوردستان، چوار یاری به‌ڕێوه‌ چوون، خاك ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد و پارێزگاری له‌ پێشه‌نگ كرد، یانه‌ی سه‌یدسادقیش تووشی یه‌كه‌مین شكست بوو.

خاك سێیه‌مین سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد

له‌ شاری كه‌ركووك یانه‌ی خاك میوانداریی سه‌یدسادقی كرد، یارییه‌كه‌ش به‌ دوو گۆڵی بێوه‌ڵام له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خاك كۆتایی هات، به‌مه‌ش خاك ئه‌م گه‌ڕه‌شی به‌بێ دۆڕان به‌ڕێكرد.

خاك سێیه‌م بردنه‌وه‌ی له‌م وه‌رزه‌ی خولی پله‌یه‌كی كوردستان به‌ده‌ستهێنا و پارێزگاری له‌ پێشه‌نگایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م كرد، به‌مه‌ش خاك به‌ سێ بردنه‌وه‌ و دوو یه‌كسان بوون 11 خاڵی هه‌یه‌ و پێگه‌ی خۆی له‌ پێشه‌نگ قایمتر كرد.

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌ید سادق تامی یه‌كه‌م دۆڕانی ئه‌م وه‌رزه‌ی كرد و به‌ بردنه‌وه‌یه‌ك و سێ یه‌كسان بوونیش به‌ خاوه‌نی شه‌ش خاڵ مایه‌وه‌.

 رزگاری و خانه‌قین به‌ خاڵێك رازیبوون

له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م، رزگاری میوانداریی خانه‌قینی كرد، یارییه‌كه‌ش به‌ یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات، له‌م یارییه‌دا ناوبژیوان دوو یاریزانی به‌ كارتی سوور كرده‌ ده‌ره‌وه‌، دیار ئه‌حمه‌د له‌ یانه‌ی رزگاری و وه‌تبان محه‌مه‌د له‌ یانه‌ی خانه‌قین.

رزگاری به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 8 خاڵ له‌ پله‌ی چواره‌م دێت، یانه‌ی خانه‌قینیش به‌ 6 خاڵ پله‌ی پێنجه‌می گرتووه‌.

ئاسۆ و سۆلاڤ به‌ یه‌كسانبوون یاریگه‌یان جێهێشت

له‌ هه‌ولێری پایته‌خت ئاسۆ میوانداریی یانه‌ی ئاسۆی شاری كه‌ركووكی كرد، یارییه‌كه‌ش به‌ یه‌كسانبوون به‌ گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان كۆتایی هات.

ئاسۆ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 7 خاڵ پله‌ی چواره‌می گرتووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا سۆلاڤ به‌ 4 خاڵ پله‌ی حه‌وته‌می گرتووه‌.

كفری ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش تامی بردنه‌وه‌ی نه‌كرد

كفری تاكه‌ یانه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌می خولی پله‌یه‌كی كوردستان هیچ بردنه‌وه‌یه‌كی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.

له‌ گه‌ری پێنجه‌مدا كفری میوانداریی گاره‌ی كرد و به‌ درێژایی یارییه‌كه‌ هه‌ردوولا له‌ هه‌ژاندنی تۆڕی گۆڵی یه‌كتر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، كفری دوای پێنج گه‌ڕ نه‌یتوانی بباته‌وه‌ و تامی سێیه‌م یه‌كسان بوونی كرد و دوو دۆڕانییشی هه‌یه‌، به‌ كۆكردنه‌وه‌ی سێ خاڵ له‌ دوایه‌مینی ریزبه‌ندی مایه‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا گاره‌ دوو خاڵی به‌ نرخی له‌ده‌ستدا و به‌ دوو بردنه‌وه‌ و دوو یه‌كسان بوون و دۆڕانێك خاوه‌نی هه‌شت خاڵه‌.