ھۆشداریی لە پیربوونی دانیشتووانی ئێران دەدرێت
ئێستا 15%ـی خەڵكی ئێران تەمەنیان سەروو 60 ساڵە
K24 - ههولێر:
بەرپرسانی ئێران ھۆشداریی لە پیربوونی دانیشتووانی ئێران دەدەن، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت: "قەیرانەكە قووڵەو ئەگەر لە دە ساڵی داھاتوودا چارەسەرێكی بنچینەیی نەدۆزرێتەوە، یەك لەسەر سێی خەڵكی ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان پیر دەبن و ئەوەش دەرھاویشتەی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە".
پیری بەرۆكی ئێرانی گرتووە، قەیرانێكی شاراوە كە خەریكە كاریگەرییەكانی دەردەكەون، رێكخراوی جیھانی تەندروستی بڵاویكردووەتەوە كە ئێستا 15%ـی خهڵكی ئێران تەمەنیان لەسەروو 60 ساڵە كە بۆ 30 ساڵی دیكە رێژەكە بۆ 33% بەرز دەبێتەوە.
لە دەیەی نەوەد بەرپرسانی ئێران بیریان لەو دۆخەی ئێستا نەكردبوویەوە، بانگەشە بۆ خێزانی بچووكتر دەكرا و بەھەموو شێوەیەك خەڵكیان ھاندەدا كە لەدوو منداڵ زیاتریان نەبێ، بەڵام ئێستا خێزانەكان بچووكتر و بەساڵاچووەكان زۆرتر بوون، ئەوەش قەیرانێكی ئابووری گەورەی لێكەوتووەتەوە، دەستیكار كەم و خانەنشین و بەساڵاچووەكان زۆرتر بوون.
بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە بەرزترین ئاستدا بانگەشە بۆ گەورەكردنی خێزان و زیادكردنی رێژەی لەدایكبوون دەكەن، بەڵام پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت: "كار لەكار ترازاوە".
رەسوڵ خزری نوێنەری خەڵكی پیرانشارو سەردەشت لە پەرلەمانی ئێران بە ماڵپەری پەرلەمانی گوتووە كە یەك لەسەر پێنجی ھاوسەرەكانی ئێران منداڵیان نابێ، ھەر كامیشیان كە بیانەوێ چارەسەری منداڵنەبوونیان بكەن دەبێ لانیكەم 30 ملیۆن تمەن خەرج بكەن كە ئەوەش ھەموو كەس نییەتی. ئەوەش جگە لەوەی كە دۆخی خراپی ئابووری و نائومێدی وایكردووە كە رێژەی ھاوسەرگیریش لەكەمی بدات یان خێزانەكان قەناعەت بە یەك یان ئەو پەری دوو منداڵ بكەن".
قەیرانەكە قووڵە، چونكە بەپێی ئاماری فەرمی ئێران لەساڵی 1986 رێژەی گەشەی ژمارەی دانیشتووان (3.9) بووەو ئێستا تەنیا (1.2)ـه و ، دەرھاویشتەكانی پیربوونی خەڵك لەئێران زۆرن و لەسەرووی ھەمووشیان كەمی دەستیكار، مووچەی خانەنشینكراوان و پێراگەیشتن بەو بەساڵاچووانەیە كە لەئێستاوە نیگەرانییەكی قووڵی دروستكردووە.