بە خاكسپاردنی مردوو دەدرێتە كەرتی تایبەت

چەند خزمەتگوزارییەك لە گۆڕستانەكان زیاد دەكرێت

K24 - سلێمانی

شارەوانی سلێمانی دەیەوێت بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕستانێکی گەورە لە سلێمانی، گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت بكات، کە رووبەری ئەو گۆڕستانە نوێیە 180 دۆنمە و دەکەوێتە رۆژھەڵاتی شاری سلێمانیەوە.

بەپێی گرێبەستەكە لەمەدوا ھەموو كارەكانی ھەڵكەندنی گۆڕ و ناشتنی مردوو دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كۆمپانیایە، ھەروەھا خزمەتگوزارییەکانی ئاو، سەوزایی، پاسەوانی و قڕکەری مێروو، بۆ گۆڕستانەکە دابین دەكرێت. ھەرچەندە تائێستا گرێبەستی تایبەت بەو گۆڕستانە واژوونەکراوە و لەسەر نرخی گۆڕھەڵکەندنەکان و ئەوەی دەوترێت 200 ھەزار دینارە بۆ ھەر گۆڕێك. بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانیش وردەکاریی ئەو پرسە رووندەکاتەوە و رایدەگەیەنێت "تائێستا لەسەر نرخەکە رێکنەکەوتوین".

زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە كوردستان24 گوت: "لەو گۆڕستانە شێوەی ھەڵكەندنی گۆڕ بە شێوەی ئەندازیاری دەبێت، بۆ ئەوەی ھاتووچۆی خەڵك بۆسەر گۆڕستان ئاسان بێت، ھەروەھا رووناكی و سەوزایی و تەوالیت و گەرماویش لە گۆڕستانەكە دەبێت".

گوتیشی: "تائێستا نرخی ھەڵكەندنی گۆڕ و بەخاكسپارردن دیار نەكراوە، بەڵام ھەڵدەدەین نرخەكە لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیان بێت".

ئێستا بۆ ھەڵکەندنی ھەر گۆرێک بڕی 200 ھەزاردیناری تێدەچێت، بۆیە ھاووڵاتیان نیگەرانن لە گرانی نرخی گۆڕەکان، بەتایبەت لەو گۆرستانە تازەیەی دەدرێتە کەرتی تایبەت بەو ھۆیەی لەبەر بوونی خزمەتگوزاری  نرخی ھەر گۆرێك زیاتربێت لە 200 ھەزاردینار.

عوسمان ساڵح، ئەنجوومەنی گۆڕستانەکانی سلێمانی دەڵێت: "خەڵك ھەیە پارەی پێ نییە بۆ قەبر ھەڵكەندنی كەسوكاری، ئێستا وەك جاران نییە و خەڵك لە بارودۆخێكی خراپدایە، خەڵك ئێستا لە پێشدا مامەڵەی ھەڵكەندنی گۆڕ دەكات، بۆیە داوا لە شارەوانی سلێمانی دەكەین بە جۆرێك لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە رێكبكەون كە باری ھاووڵاتیان زیاتر گران نەكرێت".