یه‌كێتی ئه‌وروپا سزا به‌سه‌ر ئێران‌دا ده‌سه‌پێنێت
په‌یوه‌ندی به دۆسیه‌ی تیرۆره‌وه هه‌یه
K24 - هه‌ولێر:
وەزیری دەرەوەی دانیمارك، رایگه‌یاند، بە هۆی هەوڵدان و پیلان داڕشتن بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی، لە خاکی وڵاتانی سەر بە یەکێتی ئەوروپا، یەکێتییەکە، سزا به‌سه‌ر وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران‌دا ده‌سه‌پێنێت.
ئەندرێس ساموێڵسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارك، ئه‌مڕۆ سێشەممە 8ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2019، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، نووسیویه‌تی: "یەکێتی ئەوروپا سزای بە سەر وه‌زارەتی ئیتڵاعاتی ئێران‌دا سه‌پاند، بە هۆی ئەوەی لە هەوڵ و پیلاندانانه بۆ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی لە خاکی یەکێتی ئەوروپا، ئەمە هۆشدارییه‌كی جددییه لەلایەن یەکێتیەکە، ئێمە لە ئه‌وروپا ئەو هەڵسوکەوتانە لە کەس قەبوڵ ناکەین".
رۆژی 19 تشرینی دووه‌م/ نۆڤەمبەری 2018 وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بڕیاریان دابوو ئەو ئێرانیانەی لە دۆسیەی په‌یوه‌ندیدار به تیرۆر له دانیمارك و فه‌ره‌نسا بەشدارن، سزایان بە سەردا بسەپێنن.
نزیکەی 4 مانگ پێش ئێستا، دەسەڵاتدارانی دانیمارك بڵاویانکردەوە، ئیتڵاعاتی ئێران لە هەوڵی ئەوەدابووە، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی جوداخوازانی ئه‌هواز لەو وڵاتەدا تیرۆر بکات، دوای ئاشكرابوونی ئه‌و هه‌وڵه‌ش، دانیمارك باڵیۆزی خۆی لە ئێران بانگهێشتكرده‌وه و رایگەیاند، ئەو دۆسیه‌یە ده‌به‌نه یەکێتی ئەوروپا.
Important day for European Foreign Policy! EU just agreed to enact sanctions against an Iranian Intelligence Service for its assassination plots on European soil. Strong signal from the EU that we will not accept such behavior in Europe.
— Anders Samuelsen (@anderssamuelsen) January 8, 2019