بەلجیکا گۆشتی حەڵاڵی قەدەغەکرد

مووسوڵمان و جووەکان تووڕەن

K24 – هه‌ولێر:

هەرێمی فلاندێرس کە دەکەوێتە باکووری وڵاتی بەلجیکا، کوشتنەوەی ئاژەڵانی بەشێوەی حەڵالی ئیسلامیی و کوشێری جووەکان قەدەغەکرد، بڕیارەکەش نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.

ناسیۆنالیستە راستڕەوەکان و رێکخراوەکانی مافی ئاژەڵانی ئەو هەرێمە، هانی حکومەتی بەلجیکایان دا، کوشتنەوەی ئاژەڵان بەشێوازە نەریتییەکان قەدەغەبکات و لەجێگای ئەوە، کوشتنی سەردەمیانە بەکاربێت کە بریتییە لە بێ هۆشکردنی ئاژەڵەکە و پاشان کوشتنەوەی، ئەمەش هەموو ئاژەڵ و پەلەوەرێک دەگرێتەوە.

مووسوڵمان و جووەکانی بەلجیکا زۆر نیگەرانن لە بڕیارەکە و دەڵێن پەنا دەبەن بۆ دادگای دەستووریی تاکو ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە.

ساتچی بایرام، سەرۆکی کۆمەڵگەی مووسوڵمانانی بەلجیکا لەو بارەیەوە بە رۆژنامەی ئیندیپێندتی گووتوە: "حکومەت داوای بۆچوون و ئامۆژگاری ئێمەی کرد، بەڵام گوێی بۆ نەگرتووین".

دانیشتوانی بەلجیکا 11 ملیۆن کەسە، لەو ژمارەیەش، 500 هەزاریان مووسوڵمان و 30 هەزاریان جوون.

H.J