ڤاڵڤێردی فشار له‌سه‌ر یاریزانێكی دروست ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بارسێلۆنا جێبهێڵێت

ڤاڵڤێردی داوای لێكردووه‌ به‌ ئۆفه‌ری ئه‌م دوو یانه‌یه‌ رازی بێت و بڕوات

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی نزیك له‌ یانه‌ی بارسێلۆنا، ڤاڵڤێردی فشار له‌سه‌ر دینیس سوارێز دروست ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گواستنه‌وه‌ی زستانه‌ له‌ یانه‌كه‌ بڕوات.

رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌ته‌لۆنیا، له‌ چاپی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 24 جه‌نیوه‌ری 2019، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌رپرسانی بارسێلۆنا له‌سه‌ر داخوازی ڤاڵڤێردی داوایان له‌ دینیس سوارێز كردووه‌ به‌و ئۆفه‌رانه‌ رازی بێت كه‌ پێشكه‌شی كراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، به‌رپرسانی بارسێلۆنا داوایان له‌ دینیس سوارێز كردووه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یه‌كێك له‌ یانه‌كانی ریال بێتیس یان سێڤییا بكات كه‌ ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ 20 ملیۆن یۆرۆ بده‌ن، به‌ڵام ئه‌م یاریزانه‌ نایه‌وێت درێسی ئه‌م دوویانه‌یه‌ بپۆشێت و خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌شێوه‌ی خواستن په‌یوه‌ندی به‌ ئارسێناڵ بكات.

دینیس سوارێزی ته‌مه‌ن 24 ساڵ، له‌ یانه‌ی سێلتا ڤیگۆی ئیسپانیا پێگه‌یشتووه‌، به‌ڵام  له‌ 2010 په‌یوه‌ندی به‌ تیپی لاوانی مانچێسته‌ر سیتی كرد، دوای 3 ساڵ بۆ تیپی دووه‌می بارسێلۆنا گواسترایه‌وه‌، پاشان به‌شێوه‌ی خواستن یاری بۆ یانه‌كانی سێڤییا و ڤیاریال كردووه‌، له‌گه‌ڵ تیپی یه‌كه‌می بارسا به‌شداری 71 یاری كردووه‌، 8 گۆڵ و 11 ئاسیستی هه‌یه‌.

Fly Erbil Advertisment