ھێزەكانی عێراق دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە
چاوەڕێی فەرمانن
K24 - ھەولێر
بەرپرسێكی سەربازی ئاشكرای دەكات، ھێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق لە ناوچە سنوورییەكانی سووریا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
لیوا قاسم محەمەد، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی جزیرەی سوپای عێراق بە رووسیا ئەلیومی راگەیاندووە: "سەرجەم ھێزە ئەمنی و سەربازییەكان و حەشدی شەعبی، لە ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ سووریا، خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە"، ھۆكارەكەشی بۆ بوونی شەڕ و پێكدادانی نێوان ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) و چەكدارانی داعشە لە ناوچەكانی ھەجین و سوسەی نێو خاكی سووریا گەڕاندەوە.
ھاوكات حەشدی شەعبی جارێكی دیكە باس لە چوونە نێو خاكی سووریا دەكات، لەمبارەیەوە فەرماندەی میحوەری رۆژئاوا، لە ھێزەكانی حەشد رایگەیاند، چاوەڕێی كاتژمێری سفر دەكەین بۆ چوونە نێو ناوچە سنوورییەكانی دیوی سووریا.