یەکێتی ئەوروپا خۆی بۆ هێرشی ئێران ئامادە دەکات

"ئەگەری هێرشکردنە سەرمان زیادی کردووە"

K24 – هه‌ولێر:

ئاژانسی دیجیتیاڵ سیکیوریتی یەکێتی ئەوروپا هۆشداری لە زیادبوونی هێرشی ئەلیکترۆنی دەدات لە لایەن ئێرانەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی تایبەتی ئاژانسی رۆیتەرز، لەماوەی چەند ساڵی رابردوو، هاککەرە ئێرانییەکان چەند جارێک هێرشی ئەلیکترۆنیان کردووەتەوە سەر دامەرزراوەکانی یەکێتی ئەوروپا.

لە سەرەتای ئەم مانگە و بۆ یەکەمجار لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانی ساڵی 2015، یەکێتی ئەوروپا یەکەم سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، ئەمەش لە دوای ئەوە هات، ئێران چەند تاقیکردنەوەیەکی مووشەکی نوێی ئەنجامدا.

ئاژانسی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەلامەتی زانیاری ENISA لە راپۆرتێکیدا دەڵێت: "ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپاوە ئەگەری زیادبوونی هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر یەکێتی ئەوروپا لە لایەن ئێرانەوە زیاد دەکات".

ئێران ئەو راپۆرتەی رەتکردەوە و دەڵێت، راپۆرتەکە جەنگی دەروونییە لە لایەن ئەمەریکا و هاوکارەکانی دژ بە ئێران دەکرێت.

بەگوێرەی ئاژانسە ئەوروپییەکە، ئێران، رووسیا و چین زۆرترین توانا و چالاکییان هەیە لە هێرشی ئەلیکترۆنی و زیان گەیاندن بە ئابووری وڵاتان.

تاکو ئێستاش، یەکێتی ئەوروپا سوورە لەسەر ئەوەی کار بە سزاکانی ئەمەریکا بۆ بەسەر ئێران نەکات، بۆ ئەوەش ئەمەریکا هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات و دەڵێت: "دەبێت یەکێتی ئەوروپا لە نێوان ئەمەریکا و ئێران یەکێکیان هەڵبژێرێت".

ئەوەی لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا گۆڕاوە ئەوەیە، چەند ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپا، نێوانیان لەگەڵ ئێران بەهۆی "هەوڵی کوشتن، هاککردن، تاقیکردنەوەی مووشەکی، دەستێوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" تێکچووە، بەڵام تاکو ئێستا یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی دژایەتیکردنی ئێرانی رانەگەیاندووە، بەڵکو سوورە لەسەر ئەوەی بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران بەردەوام پێ بدات.

New York Post

H.J