پێشبینی ده‌كرێت ئه‌نجامی یارییه‌كانی سبه‌ی ململانێی خوله‌كه بگه‌یه‌نێته لوتكه
له خولی نایابی كوردستان چوار یاری لوتكه به‌ڕێوه‌یه
.jpg)
سبه‌ی هه‌ینی به ئه‌نجامدانی 4 یاری گه‌ڕی حه‌ڤده‌یه‌می خولی نایابی كوردستان كۆتایی دێت، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له كاتژمێر (2:45) خولهك ئه‌نجام ده‌درێن، له كه‌ركووك، گازی باكوور و زاخۆ شه‌ڕی مانه‌وه له خوله‌كه ده‌كه‌ن، له یاری لوتكه‌دا پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی و ئارارات به‌یه‌كتر ده‌گه‌ن، ده‌ربه‌ندیخانیش بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی هه‌ولێر گه‌ڕاوه‌ته‌وه نێو یاریگه‌ی خۆی و به‌رده‌م هانده‌رانی.
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ـ ئارارات
له یارییه‌كی لوتكه‌ی خولی نایابی كوردستان، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی میوانداریی ئارارات ده‌كات، تیپه‌كه‌ی ئه‌رسه‌لان جه‌لال به دۆخێكی تێپه‌ڕ ده‌كات، به‌وپێیه‌ی 82 رۆژه له خولی نایابی كوردستان تامی سه‌ركه‌وتنی نه‌كردووه و له 9 یاری رابردوو هیچ سه‌ركه‌وتنێكی به‌ده‌ستنه‌هێناوه و له كۆی 27 خاڵ ته‌نیا دوو خاڵی ده‌ستخستووه.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی ئارارات ده‌یه‌وێت له‌م یارییه سوود له خراپی دۆخی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی وه‌ربگرێت و برینه‌كانی شكستی هه‌فته‌ی رابردووی به‌رامبه‌ر زێره‌ڤانی به بردنه‌وه له پێشمه‌رگه سارێژ بكات.
ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌دی راهێنه‌ری ئارارات بۆ ئه‌م یارییه به‌هۆی پێكانه‌وه له تواناكانی غه‌فوور عوسمانی گۆڵپارێزی بێبه‌ش ده‌بێت، له به‌رامبه‌ردا له تیپه‌كه‌ی ئه‌رسه‌لان جه‌لال، 3 یاریزانی به‌هۆی پێكان و كارتی ره‌نگاوره‌نگه‌وه یاریی ناكه‌ن، ئه‌وانیش له‌یس جه‌لیل، رێكان رزگار و حه‌مید رهحیمن.
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی به كۆكردنه‌وه‌ی 20 خاڵ له پله‌ی هه‌شته‌م دێت، یانه‌ی ئاراراتیش به 27 خاڵ له خانه‌ی سێیه‌م ده‌بینرێت.
ده‌ربه‌ندیخان ـ هه‌ولێر
یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌م هه‌فته‌یه رووده‌كاته یاریگه‌ی ده‌ربه‌ندیخان كه ئه‌م وه‌رزه هیچ یانه‌یه‌ك نه‌یتوانیوه له‌سه‌ر ئه‌م یاریگه‌یه سه‌ركه‌وتن تۆمار بكات، پێش یانه‌ی هه‌ولێر، حه‌وت یانه‌ی تر سه‌ردانی یاریگه‌ی ده‌ربه‌ندیخانیان كردووه، چواریانهیان به‌شكست و ده‌ستی به‌تاڵ یاریگه‌یان جێهێشتووه و 3 یانه‌كه‌ی تریش به ده‌ستخستنی ته‌نیا خاڵێك له دۆزه‌خی یاریگه‌ی ده‌ربه‌ندیخان رزگارییان بووه.
یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌م وه‌رزه به دۆخێكی ناجێگیر تێپه‌ڕ ده‌كات و عه‌بدوڵڵا مه‌حموودی راهێنه‌ری یانه‌كه‌ش ته‌نیا شه‌ڕی مانه‌وه له خوله‌كه ده‌كات.
خاڵی لاوازی یانه‌ی هه‌ولێر له‌م وه‌رزه یارییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیه‌تی، به‌وپێیه‌ی هه‌ولێر ئه‌م وه‌رزه 4 بردنه‌وه‌ی به‌ده‌ستهێناوه و هه‌ر چوار سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ش له نێو یاریگه‌ی خۆی بووه و هیچ یارییه‌كی له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی نه‌بردۆته‌وه.
ده‌ربه‌ندیخان بۆ ئه‌م یارییه به‌هۆی كارتی زه‌رده‌وه له تواناكانی هه‌ردی محه‌مه‌د له هێڵی به‌رگریه‌وه و دانا مسته‌فاش له هێڵی پێشه‌وه بێبه‌ش ده‌بێت، خاڵی به‌هێزی شینپۆشه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان له به‌رگری و گۆڵپارێز دایه، به‌وپێیه‌ی ده‌ربه‌ندییه‌كان 11 گۆڵییان لێكراوه، به‌مه‌ش له دوای زێرڤانی دووه‌م یانه‌ن كه‌مترین گۆڵی لێكرابێت، هه‌ژار ئه‌حمه‌دی گۆڵپارێزی ده‌ربه‌ندیخانیش 270 خوله‌كه تۆڕی گۆڵه‌كه‌ی به خاوێنی هێشتۆته‌وه.
گازی باكوور ـ زاخۆ
یانه‌ی زاخۆ بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی گازی باكوور گه‌شتی كه‌ركوكی كردووه، هه‌ردوو یانه ئه‌م وه‌رزه به بارودۆخێكی خراپ گوزه‌ر ده‌كه‌ن و راهێنه‌ری هه‌ردوولاش ئه‌م وه‌رزه چاویان له هیچ نییه و ته‌نیا نزای مانه‌وه له خوله‌كه ده‌كه‌ن، هه‌ریه‌كه‌شیان ئه‌م وه‌رزه 16 خاڵیان كۆكردۆته‌وه و له ناوچه‌ی هێڵی سووری دابه‌زینیش نزیكن.
گازی باكوور سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌م وه‌رزه ئاستی جێگیر نییه، به‌ڵام یاریكردن له نێو یاریگه‌ی گازی باكوور بۆ هیچ یانه‌یه‌ك ئاسان نییه، نوێنه‌ره‌كه‌ی كه‌ركووك له كۆی 7 یاری له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی ته‌نیا یه‌ك یاری دۆڕاندووه، له‌م وه‌رزه‌شدا ته‌نیا 2 بردنه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌ویش له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی بووه و چواریشی به یه‌كسانبوون ته‌واو كردووه.
زاخۆ له قۆناخی دووه‌م ئاستی باشتر بووه، به‌ڵام زیاتر خووی به به‌رامبه‌ربوون گرتووه و 51 رۆژه تامی بردنه‌وه‌ی نه‌كردووه، بۆ ئه‌م یارییه‌ش به‌هۆی كارتی ره‌نگاو ره‌نگه‌وه زاخۆ عومه‌ر عه‌بدوڵڵای له‌ده‌ستداوه، له به‌رامبه‌ردا گازی باكوور له تواناكانی محه‌مه‌د عه‌باس بێبه‌ش ده‌بێت.
دهۆك ـ شێروانه
یانه‌ی شێروانه له گه‌رمیانه‌وه بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی دهۆك رێگایه‌كی دووری بڕیوه و گه‌شتی بادینانی كردووه، پێشبینی ده‌كرێت ئه‌م یارییه یه‌كێك بێت له لوتكه‌ی یارییه‌كانی ئه‌م هه‌فته‌یه، به‌وپێیه‌ی هه‌ریه‌كه‌یان 60 رۆژه له بردنه‌وه تۆراون و هه‌وڵده‌ده‌ن له‌م یارییه به بردنه‌وه بۆ سه‌رڕێڕه‌وی سه‌ركه‌وتنه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه، شێروانه هه‌فته‌ی رابردوو دێربی گه‌رمیانی به ده‌ربه‌ندیخان دۆڕاند و یانه‌ی دهۆكیش له به‌رزاییه‌كانی پیرمامه‌وه به‌خاڵێك گه‌ڕایه‌وه.
شێروانه دوای زنجیره‌یه‌ك سه‌ركه‌وتن، به‌ڵام دوو یاری رابردووی له خوله‌كه به شكست تێپه‌ڕ كردووه و تا دێت ئه‌نجامه‌كانی به‌ره‌و خراپتر ده‌چێت، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه پێكهاته‌ی شێروانه كامله و به‌بێ كه‌موكوڕییه و هانده‌رانی یانه گه‌رمیانییه‌كه چاویان له‌وه‌یه وه‌لید محه‌مه‌دی راهێنه‌ری شێروانه بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی خولی نایاب گورزی خۆی له دهۆكییه‌كان بوه‌شێنێت، به‌وپێیه‌ی شێروانه مێژوویه‌كی ڕه‌شی به‌رامبه‌ر دهۆكییه‌كان هه‌یه و تا ئێستا له‌و یانه‌یه‌ی نه‌بردۆته‌وه.
له به‌رامبه‌ردا هه‌رمان ساڵحی راهێنه‌ری دهۆك بۆ ئه‌م یارییه ده‌یه‌وێت به بردنه‌وه بێته‌وه نێو كه‌شوهه‌وای ململانێی نازناوه‌كه، ئه‌گه‌رچی بۆ ئه‌م یارییه دهۆك به‌هۆی كارته ره‌نگاوره‌نگه‌كان له تواناكانی جاسم محه‌مه‌دی به‌رگریكاری و هێژا داود بێبه‌ش ده‌بێت.