"بارسێلۆنا داوای مانۆلاس ده‌كات"
مینۆ رایۆلای به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی مانۆلاس نهێنییه‌ك ئاشكرا ده‌كات

سه‌رچاوه‌یه‌كی راگه‌یاندنی ئیتاڵیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه كه بارسێلۆنا گرینگی به گواستنه‌وه‌ی مانۆلاسی به‌رگریكاری یانه‌ی رۆما ده‌دات.
كه‌ناڵی Rai Sportsـي ئيتاڵيا هه‌واڵێكی له‌سه‌ر زاری مینۆ رایۆلای به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی مانۆلاس بڵاو كردۆته‌وه و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كردووه بارسێلۆنا ده‌یه‌وێت له گواستنه‌وه‌ی هاوینی داهاتوو كۆستاس مانۆلاس بۆ ریزه‌كانی بگوازێته‌وه و بیكاته شوینگره‌وه‌ی جیرارد پیكێ كه ته‌مه‌نی به‌ره‌و هه‌ڵكشان رۆیشتووه.
مانۆلاسی به‌رگریكاری یانه‌ی رۆما له یاری قۆناخی هه‌شتی چامپیۆنزلیگی وه‌رزی رابردوو له خوله‌كی 82 گۆڵێكی كوشنده‌ی له بارسێلۆنا تۆمار كرد و یانه كه‌ته‌لۆنیاییه‌كه‌ی له پاڵه‌وانێتییه‌كه دوورخسته‌وه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدا بوو بارسا له یاری چوون له نێو یاریگه‌ی خۆی به 4 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك یارییه‌كه‌ی بردبووه‌وه، به‌ڵام له یاریی گه‌ڕانه‌وه رۆما به 3 گۆڵی بێوه‌ڵام یارییه‌كه‌ی برده‌وه و گه‌یشته قۆناخی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ.
كۆستاس مانۆلاس له هاوینی 2014 له یانه‌ی ئۆلیمپیاكۆسی یۆنانی به 13 ملیۆن یۆرۆ روویكرده رۆما، له‌گه‌ڵ گوركه‌كانی پایته‌ختی ئیتاڵیا 199 یاری كردووه، 8 گۆڵ و 7 ئاسیستی تۆمار كردووه.
