لیڤاندۆڤسكی بووه‌ ترسناكترین یاریزان له‌ مێژووی بۆندزلیگا

لیڤاندۆڤسكی سه‌ركردایه‌تی بایرن میونشنی كرد و پێشه‌نگی به‌ دۆرتمۆند چۆل كرد

بایرن میونشن به‌ جیاوازی گۆڵ پێش بۆرووسیا دۆرتمۆند كه‌وت و پێشه‌نگی بۆندزلیگای وه‌رگرت، دوای ئه‌وه‌ی میوانداری ڤۆلفسبۆرگی كرد و یارییه‌كه‌شی به‌ شه‌ش گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر برده‌وه‌، له‌م یارییه‌دا لیڤاندۆڤسكی دووانه‌ی كرد و بووه‌ یه‌كه‌م یاریزانی بیانی له‌ بۆندزلیگا 196 گۆڵ بكات.

له‌ ئالیانز ستادیه‌م بایرن میونشن له‌ گه‌ڕی 25ی بۆندزلیگا میوانداری ڤۆلفسبورگی كرد، هه‌ڵه‌یه‌كی مانوێل نوێری گۆڵپارێزی بایرن خه‌ریك بوو میوانه‌كان پێشوه‌خته‌ بكاته‌ گۆڵی یه‌كه‌م به‌ڵام به‌رگریكارانی باڤاریا تۆپه‌كه‌یان دوورخسته‌وه‌.

بایرن میونشن پێویستی به‌ 34 خوله‌ك بوو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگای گۆڵه‌كانی یارییه‌كه‌ بكاته‌وه‌ و سێرجی نابری واژۆی له‌سه‌ر گۆڵی یه‌كه‌م كرد.

3 خوله‌ك به‌سه‌ر گۆڵی یه‌كه‌م نه‌رۆیشت، رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی ریكۆردێكی كلاودیۆ پیزارۆی هاوتا كرده‌وه‌ و بایرنی كرده‌ خاوه‌نی گۆڵی دووه‌م.

له‌ خوله‌كی 52ـی نیوه‌ی دووه‌مدا خامێس رۆدریگێز بووه‌ به‌شێك له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی بایرن و ئه‌م یاریزانه‌ كۆڵۆمبیه‌ گۆڵی سێیه‌می كرد.

نۆره‌ی جۆشوا كیمیچ هات و ئه‌م یاریزانه‌ 8 خوله‌ك به‌ر له‌ ته‌واوبوونی یارییه‌كه‌ گۆڵی پێنجه‌می كرد و ڤۆلفسبۆرگی به‌ جارێك رووخاند.

لیڤاندۆڤسكی له‌ شه‌وێكی مێژوویی بوو، تۆپهاوێژه‌ پۆڵه‌ندیه‌كه‌ گۆڵی شه‌شه‌می تۆمار كرد و بووه‌ یه‌كه‌م یاریزانی بیانی له‌ مێژووی بۆندزلیگا 196 گۆڵ بكات و ریكۆردی كلاودیۆ پیزارۆی پیرۆیی تێپه‌ڕاند.

بایرن میونشن یارییه‌كه‌ی به‌ شه‌ش گۆڵی خاوێن برده‌وه‌، رێژه‌ی گۆڵه‌كانیش یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی بایرن به‌ جیاوازی گۆڵ پێشه‌نگی بۆندزلیگا به‌ بۆرووسیا دۆرتمۆند چۆڵ بكات.

Fly Erbil Advertisment