ئومێد خۆشناو: نه‌گه‌ينه‌ رێككه‌وتن سه‌رۆكايه‌تیى په‌رله‌مان رێككارى ديكه‌ ده‌گرێته‌به‌ر

ره‌تيكرده‌وه‌، له‌ دابه‌شكردنى ليژنه‌كاندا هيچ سته‌مێك له‌ فراكسيۆنه‌كان كرابێت

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى فراكسيۆنى پارتى ديموكراتى كوردستان، ئومێد خۆشناو، له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا، ره‌تيكرده‌وه‌، له‌ دابه‌شكردنى ليژنه‌كاندا هيچ سته‌مێك له‌ فراكسيۆنه‌كان كرابێت.

ئومێد خۆشناو گوتيشى: ئه‌وه‌ى له‌ باره‌ى دابه‌شكردنى پۆستى سه‌رۆك و جێگر و بڕيارده‌رى ليژنه‌كان روويداوه‌، پرسێكى زۆر ياسايى و پيشه‌يى و زانستييه‌ و دووره‌ له‌ ململانێى سياسى.

ره‌تيشيكرده‌وه‌، هيچ لايه‌نێك به‌ هۆى پرسى سياسييه‌وه‌ په‌راوێز خرابێت.  باسى له‌وه‌ش كرد، ناڕه‌زايى له‌ ناو فراكسيۆنى پارتيش هه‌يه‌ و هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتارانى پارتى به‌ خواستی پسپۆڕیيان، پشكيان له‌ ليژنه‌كان به‌رنه‌كه‌وتووه‌.

ئومێد خۆشناو باسى له‌وه‌ش كرد، ده‌سته‌ى سه‌رۆكايه‌تیی په‌رله‌مان بێلايه‌نانه‌ كارى خۆى كردووه‌ و ئامانجى ئه‌وه‌ بووه‌، فراكسيۆنه‌كان له‌ ناو خۆياندا رێكبكه‌ون.

هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌گه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌ى يه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو، فراكسيۆنه‌كان نه‌گه‌يشتينه‌ رێككه‌وتن بۆ دابه‌شكردنى پۆستى سه‌رۆكى ليژنه‌كان، په‌رله‌مان ناچار ده‌بێت رێكارى ياسايى و په‌يڕه‌ويیانه‌ى خۆى بگرێته‌به‌ر، ئه‌و كاته‌ به‌ ده‌نگدان ئه‌و پرسه‌ يه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌.