ئه‌مڕۆ ساڵڕۆژی له‌دایكبوونی مسته‌فا بارزانییه
یادی له‌دایكبوونی مسته‌فا بارزانی، رابه‌ری نیشتمانیی كوردستان ده‌كرێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
له هه‌رێمی كوردستان به چه‌ندین چالاكیی جۆراوجۆر و سه‌ردانكردنی مه‌زاره‌كه‌ی، یادی له‌دایكبوونی مسته‌فا بارزانی، رابه‌ری نیشتمانیی كوردستان ده‌كرێته‌وه.
116 ساڵ به‌ر له ئه‌مڕۆ، مه‌لا مسته‌فا بارزانی، له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئایینپه‌روه‌ر و نه‌ته‌وه‌یی له بارزان له دایكبووه.
به گوێره‌ی رۆژمێری بۆنه و یاده نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ وه‌ك پشووی فه‌رمی هه‌ژمار كراوه.
چالاكان و ناوه‌ند و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له ئاستی فه‌رمی و كۆمه‌ڵایه‌تی و میللی‌دا، به بۆنه‌ی له دایكبوونی مه‌لا مسته‌فا بارزانی، چالاكیی جیاجیا به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
له دیارترین ئه‌و چالاكییانه‌ی له‌و یاده‌دا رێك ده‌خرێن، سه‌ردانی مه‌زاری مسته‌فا بارزانی و دووپاتكردنه‌وه‌ی به‌ڵێنی وه‌فادارییه بۆ رێبازی نه‌ته‌وه‌ییانه و نیشتمانییانه‌ی مه‌لا مسته‌فا بارزانی و ناشتنی نه‌مام و سه‌وزكردنی زیاتری خاكی كوردستانه.
له سه‌رچاوه مێژووییه‌كاندا ئاماژه به‌وه كراوه، جوڵانه‌وه‌ى رزگاریخوازى كورد و كوردستان، هێنده‌ى به ناوى مه‌لا مسته‌فا بارزانى و شۆڕشه‌كه‌ى ده‌ناسرێته‌وه، نیو هێنده به مێژووى كۆى جوڵانه‌وه‌كه ناناسرێته‌وه، هه‌تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌وانه‌ی له نزیكه‌وه بارزانی‌یان ناسیووه، یان به په‌یام و رێبازه‌كه‌ی ئاشنا بوون، هه‌ر وه‌ك سه‌ره‌تا چاوه‌ڕوانن ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجی بووه و بۆی تێكۆشاوه له كوردستان بهێنرێنه دی وجێبه‌جێ بكرێن. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كى روونه بۆ گرنگى رۆڵ و پێگه‌ى ئه‌و سه‌ركرده مه‌زنه‌ى، هه‌موو ژیانى له پێناو نیشتمانه‌كه‌ى به‌خشى و له مێژووى كۆن و نوێى كورددا، گه‌وره‌ترین گوڕى به خه‌بات و تێكۆشانى كورد دا و دۆزى كوردى له یاخیبوونى ناوچه‌یى و خنكانى له بۆته‌ى گونده‌كانه‌وه گواسته‌وه شار و له‌وێشه‌وه گه‌یاندییه ناوه‌ند و پایته‌خته گه‌وره‌كانى ناوچه‌كه و جیهان.
.jpg)
به گوێره‌ى لێكدانه‌وه‌ى مێژوونووسانى كورد و سه‌رچاوه مێژووییه ناوخۆیى و بیانییه‌كان، مەلا مسته‌فا بارزانى یه‌كه‌م سه‌ركرده‌ى ههڵكهوتووى كورد بووه، خه‌باتى كوردى له بازنه‌ى ناوچه‌یی بوونه‌وه، كرده خه‌باتى نیشتمانى و سه‌رتاسه‌ریى و له داخوازیى مافى سه‌ره‌تایى و مافى مرۆیى و كولتوورییه‌وه، داواكارییه‌كانى كوردى به‌رز كرده‌وه بۆ ئاستى داواكاریى سیاسىى، جوڵانه‌وه‌ى رزگاریخوازیى كوردیشى له نه‌بوونى به‌رنامه‌یه‌كى سیاسىی تۆكمه و روون ده‌رباز كرد. به دامه‌زراندنى پارتیى دیمو‌كراتى كوردستانیش له 16 ئابى 1946دا داخوازییه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانى كوردى له چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى حزبێكى سیاسیى رێكخراودا رێكخست و خه‌باتى گه‌له‌كه‌ى و پرۆسه‌ى سیاسى له كوردستان، گواسته‌وه قۆناخێكى پێشكه‌وتوو.

به‌شێك له وێستگه‌كانى ژيانى مسته‌فا بارزانى:
* مەلا مسته‌فا بارزانى كوڕى شێخ محه‌ممه‌د بارزانیيه و له گوندى بارزان له 14ى ئازارى 1903 له دايكبووه.
* له ته‌مه‌نى 3 ساڵيدا له لايه‌ن عوسمانييه‌كانه‌وه له دواى نسكۆى شۆڕشى بارزان، شێخ عه‌بدولسه‌لامى براى گه‌وره‌ى ده‌ستگير كرا و مسته‌فا بارزانى و دايكيشى له مووسڵ خرانه زيندانه‌وه.
* ماوه‌ى شه‌ش ساڵ له لاى چه‌ند مامۆستايه‌ك له گوندى بارزان سه‌رقاڵى خوێندن بووه ، دواتر رووی كردۆته خوێندنى فيقهى ئيسلامى و ماوه‌ى چوار ساڵ زانسته ئاينييه‌كانى خوێندووه، دواتريش له ماوه‌ى دووخرانهوهى بۆ سلێمانى، هه‌وڵى ته‌واوكردنى خوێندنى داوه.
.jpg)
وێستگه‌كانى تێكۆشان و خه‌باتى:
* مەلا مسته‌فا بارزانى له 1919 به‌شداريی له جوڵانه‌وه‌ى شێخ مه‌حموودى حه‌فيد له سلێمانىدا كردووه و سه‌رپه‌رشتى تيپێكى چهكداریى كردووه، كه ژماره‌يان 300 چه‌كدار بووه.
* له 1920دا شێح ئه‌حمه‌دى بارزان، برا گه‌وره‌ى، وه‌ك نوێنه‌ر ره‌وانه‌ى باكوورى كوردستانى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى شێخ سه‌عيدى پيران بكات و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ شۆڕشه‌كه‌ى دروست بكات.

* له نێوان ساڵانى 1931 – 1932 سه‌رپه‌رشتى هێزێكى بارزانييه‌كان ده‌كات بۆ به‌رگريكردن له ميحوه‌رى مێرگه‌سۆر – شێروان له به‌رامبه‌ر هێزى ئينگليزه‌كان، له‌و شه‌ڕه‌دا به هۆى چاپووكىی و كارزانييهوه، ناوبانگێكى زۆرى به‌ده‌ستهێنا و توانى ميحوهرهكهى بپارێزێت.
* له 1934دا له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌دى بارزانى و هه‌ندێك له پياوه‌كانيان، روويان كرده توركيا بۆ ئه‌وه‌ى داواى مافى په‌نابه‌رێتى بكه‌ن، دواتر به هۆى وتوێژه‌وه گه‌ڕانه‌وه عێراق و له لايه‌ن ئينگليزه‌كان و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و كاته‌ى عێراقه‌وه بۆ باشوورى عێراق دوور خرانه‌وه. دواتر گه‌ڕێندرانه‌وه سلێمانى و ماوه‌ى 10 ساڵ به دوورخراوهيى ژيانيان به‌سه‌ر برد.
* له 12ى تهمموز/ يۆليۆى 1943دا به هاوكاریى رێكخراوى هيوا توانى له سلێمانى خۆی ده‌رباز بكات و بچێته رۆژهه‌ڵاتى كوردستان.

* له هه‌مان ساڵى 1943 دا له ئێرانه‌وه گه‌ڕايه‌وه ناوچه‌ى بارزان و ژماره‌يه‌ك گه‌نج له ده‌ورى كۆبوونه‌وه، له ماوه‌ى دوو مانگدا 2000 چه‌كدارى خۆبه‌خش ئاماده‌ييان بۆ جێبه‌جێكردنى فه‌رمانه‌كانى ده‌ربڕى و توانيان ده‌ست به‌سه‌ر زۆرينه‌ى بنكه‌كانى پۆليسى ناوچه‌كه‌دا بگرن.
* له پايزى 1943دا حكوومه‌تى به‌غدا شاندێكى ره‌وانه‌ى بارزان كرد، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بارزانى وتوێژ بكه‌ن و شه‌ڕ بوه‌ستێت، مسته‌فا بارزانيش مه‌رجى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، كه ده‌بێت سه‌رجه‌م دوورخراوه‌كان و شێخ ئه‌حمه‌دى بارزان بگه‌ڕێنه‌وه و دانوستان كۆتايى هات و حكوومه‌تى نورى سه‌عيد هه‌موو مه‌رجه‌كانى مسته‌فا بارزانى جێبه‌جێ كرد.
* له 1943 – 1945 شۆڕشى بارزانى له دژى حكوومه‌تى عێراق، كه له لايه‌ن بريتانياوه پشتيوانى لێ دهكراو سه‌ري هه‌ڵدا و له‌و جاره‌دا شۆڕش ناوچه‌يه‌كى فراوانترى كوردستانى گرته‌وه.

* له 11ى ئايار/ مايۆى 1945دا بارزانى و پێشمه‌رگه‌كانى روويان كرده رۆژهه‌ڵاتى كوردستان.
* له 22ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 1946 بارزانى له مه‌راسيمى راگه‌ياندنى كۆمارى كوردستان له مهاباد، به‌شداریى كرد و له لايه‌ن قازی محه‌ممه‌د، سه‌رۆك كۆمارى كوردستانه‌وه، بارزانى كرايه فه‌رمانده‌ى سوپاى كۆمارى كوردستان و پله‌ى جه‌نه‌راڵى سه‌ربازیى پێ به‌خشرا.
* له 16ى ئاب/ ئۆگستى 1946دا بارزانى پارتیى ديموكراتى كوردستانى عێراقى دامه‌زراند و وه‌ك سه‌رۆكى پارته‌كه هه‌ڵبژێردرا و له سه‌رجه‌م كۆنگره‌كانى حزبدا، كه هه‌ندێكيان ئاماده نه‌بوو، وه‌ك سه‌رۆكى پارتى هه‌ڵبژێردرايه‌وه.
* دواى نسكۆى كۆمارى كوردستان له 1947 رێڕۆيشتنى مێژوويى به‌ره‌و يه‌كێتیى سۆڤيه‌تى جاران ئه‌نجام دا و بارزانى ئاماده نه‌بوو خۆى راده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى شاههنشايى ئێران بكات و به پێ، خۆى و 500 چه‌كدارى روويان كرده يه‌كێتیى سۆڤيه‌ت و له‌و رێڕۆيشتنهشدا، رووبه‌ڕووى سوپاكانى عێراق و ئێران و توركيا بوونه‌وه.
*رۆژى 17ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 1947 بارزانى و ياوهرهكانى له رووبار‌ى ئاراس په‌ڕينه‌وه و گه‌يشتنه يه‌كێتیى سۆڤيه‌ت.
* له يه‌كێتیى سۆڤيه‌تدا، كه ستالين سه‌رۆكى يه‌كێتييه‌كه بوو، مامه‌ڵه‌يه‌كى توند له‌گه‌ڵ بارزانى و ياوهرانى ده‌كرا و تا دواى مردنى ستالين، له 1953 هه‌ندێك ره‌وشى ژيانيان باش بوو.

له رووسيا، سه‌ره‌ڕى تێپه‌ڕينى 45 ساڵ له ته‌مه‌نى بارزانى له ئه‌كاديمياى زمانه‌كان له مۆسكۆ ده‌ستيكرد به خوێندنى ئابوورى و جوگرافيا و زانست و زمانى رووسى.
* له دواى شۆرشى چوارده‌ى ته‌مموزى 1958 بارزانى و ياوهرهكانى گه‌ڕانه‌وه عێراق و له به‌سره‌وه تا هه‌ولێر جه‌ماوه‌ر پێشوازى لێ‌كردن.
* عه‌بدولكه‌ريم قاسم، سه‌رۆك كۆمارى عێراق له 7ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌رى 1958 پێشوازى له بارزانى و ياوهرانى كرد.
* له 11ى ئهيلوولى 1961 تا 1975 بارزانى رابهرايهتى گه‌وره‌ترين شۆرشى چه‌كدارى له دژى ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌غدا كرد و شۆڕشه‌كه‌ى 15 ساڵى خاياند و تێيدا چه‌ندين ده‌ستكه‌وتى نه‌ته‌وه‌يى و نيشتمانى بۆ خه‌ڵكى كوردستان به‌ده‌ستهێنا.
* له 11ى ئادارى 1970 بارزانى و حكوومه‌تى عێراق له‌سه‌ر پڕۆژه‌ى ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان رێككه‌وتن و ئه‌وه يه‌كه‌مجار بوو له مێژووى كوردستاندا شۆڕشێكى كورديى به 9 ساڵ خه‌بات بتوانێت ئه‌و ده‌ستكه‌وته بۆ كورد به‌ده‌ستبهێنێت.

* له 6ى ئادارى 1975 به هۆى رێككه‌وتنى سه‌دام حوسێن و محه‌ممه‌د ره‌زا شاى ئێران له جه‌زائير شۆڕشى ئه‌يلوول تووشى نسكۆ بوو و به‌و هۆيه‌وه بارزانى و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ى شۆڕشه‌كه رێگه‌ى ئاوارهييان هه‌ڵبژارد.
* له دواى نسكۆى 1975 جارێكى ديكه بارزانى چاودێرى و سه‌رپه‌رشتى دانانه‌وه‌ى به‌ردى بناغه‌ى شۆڕشى كرد.
له 1ى ئادار/ مارسى 1979 مسته‌فا بارزانى له ئه‌مريكا به هۆى نه‌خۆشييه‌وه كۆچى دواييكرد له 5/3/1979 له‌سه‌ر وه‌سیه‌تی خۆی له شاری (شنۆ) ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌سه‌ر سنووری باشووری کوردستان و باكووری کوردستان ئه‌سپه‌رده‌ی خاکی پیرۆزی کوردستان كرا.

*دواى راپه‌ڕينى ئادارى 1991، ته‌رمى مەلا مسته‌فا بارزانى و ئيدريس بارزانى كوڕى، له ئارامگه‌ى خۆيان له خاكى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان، گواسترانەوە بۆ هه‌رێمى كوردستان و له شوێنى له دايكبوونییان و له ناوچه‌ى بارزان به‌خاك سپێردرانەوە.
* له ماوه‌ى ژيانيدا دوو جار مسته‌فا بارزانى له هه‌وڵى تيرۆركرانى به موعجیزه رزگارى بووه، يه‌كێكيان له 29ى ئهيلوولى 1971 و دووه‌ميشيان له 16ى ته‌مموزى 1972دا، به‌ڵام هه‌ردووجاره‌كه له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵكى كوردستان و پاراستنى ئاشتى و سه‌قامگيرى كوردستان و درووستنه‌بوونى شه‌ڕ رێككه‌وتنى ئادارى 1970ى له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ڵنه‌وه‌شانده‌وه.