یەكێتی داوای رێككەوتنێكی دیكە لە پارتی دەكات
رێككەوتنی پارتی و یەكێتی جێبەجێ نەكراوە
K24 - ھەولێر
یەکێتی نیشتمانی كوردستان داوای رێککەوتنێکی دیکە لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەکات و ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایدەگەیەنێت، دەبێ هاوبەش بین لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەت و پەرلەمان دارایی و ناوخۆ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "کاتی کراوەمان بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە بەردەم نییە، دەشمانەوێت لەگەڵ یەکێتی بگەینە رێککەوتن".
یەکێتی بە مەرجی شەراکەتی راستەقینە و ھاوسەنگی لە بڕیاردان بەشداری حکوومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان دەکات، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت "ئێمە حزبێکی گەورەین و لە سەرەتاوە وتومانە بەشداری حکوومەت دەکەین، ئەندامێكی سەركردایەتی پارتیش رایدەگەیەنێت" یەکێتی لەچەند ساڵی رابردوودا شەریکی ڕاستەقینەی دەسەڵات بووە".
پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە ماوەی رابردوودا چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و رێكکەوتنێک لەنێوان ھەردوولا واژۆ كراوە، بەڵام ئەو رێكکەوتنە تائێستا کۆی لەمپەرەکانی پێکھێنانی حکوومەتی لانەبردووەو ھێشتا خاڵی ناکۆک لەنێوان ھەردوولادا ھەن.
ھ.م