راهێنه‌ری ڤالێنسیا: ده‌بوو به‌ ئه‌نجامێكی گه‌وره‌تر له‌ ریال مه‌درید ببه‌ینه‌وه‌

زێدان: ئه‌نجامه‌كه‌ دادپه‌روه‌رانه‌ نه‌بوو

ریال مەدرید لە سێیەم یاری دوای گەڕانەوەی زیدان رووبەرووی ڤالێنسیا بووه‌وه‌ و یارییه‌كه‌ی به‌ 2 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك دۆڕاند.

خولەکی 35 بوو کاتێک گۆنزالۆ گۆییدیس توانی سوود لە بۆشایی بەرگریکارانی ریال مەدرید ببینێت و گۆڵی یەکەمی یارییەکە بکات.

لە خولەکی 83ـی تایمی دووه‌م، ئێزکویل گارای بەرگریکاری پێشووی ریال مەدرید توانی بۆ جاری دووەم تۆری گۆڵی میوانەکەیان بهەژێنێت و سێ خاڵی یارییەکەش بۆ یانەکەی مسۆگەر بکات.

دوایین خولەک بێنزێما وەڵامی یەکێک لە گۆلەکانی خاوەن ماڵی دایەوە، بەڵام ئەم گۆڵە هیچ سوودێکی نەبوو.

ڤالێنسیا بەم بردنەوەیە کۆی خاڵەکانیان گەیاندە 46 خال و بە شێوەیەکی کاتی لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی جێگیر بوون، لە بەرامبەردا ریال مەدرید بە 57 خاڵ لە پلەی سێیەم مانەوە.

دوای دۆڕانه‌كه‌ زینه‌دین زیدانی راهێنه‌ری ریال مه‌درید ده‌ڵێت تاكو كۆتایی وه‌رز له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كانه‌ و بۆ ئه‌م دۆڕانه‌ش ناتوانێت لۆمه‌ی یاریزانه‌كانی بكات، دووپاتیشیده‌كاته‌وه‌ هێشتا هه‌شت یارییان ماوه‌ و تاكو دوا یاریی بۆ به‌ده‌ستهێنانی پله‌یه‌كی باش ده‌جه‌نگن، راهێنه‌ری ڤالێنسیاش مارسیلینۆ ده‌ڵێت ئێمه‌ شایسته‌ی ئه‌نجامێكی گه‌وره‌تر بووین.

زینه‌دین زێدان نایه‌وێت به‌هۆی شكسته‌كه‌ی لۆمه‌ی یاریزانه‌كانی بكات، ده‌شڵێت: یاریزانه‌كانم هه‌وڵی خۆیاندا بۆ بردنه‌وه‌، به‌رامبه‌ر تیپێكی باش یاریمان كرد و پێموایه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولا هاوسه‌نگ بوو، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ به‌ دۆڕانی ئێمه‌ كۆتایی هات، دۆڕانیش هه‌موو كاتێك به‌ ئازاره‌.

زیزۆ گوتیشی: ئێمه‌ به‌ ساتێكی زۆر ناخۆش تێپه‌ڕ ده‌كه‌ین، پێویسته‌ ئێمه‌ به‌م دۆڕانه‌ رازی بین و بیر له‌ یارییه‌كانی داهاتوو بكه‌ینه‌وه‌، هه‌شت یاریمان ماوه‌ له‌م وه‌رزه‌ و پێویسته‌ له‌ سه‌رجه‌میان سه‌ركه‌وتوو بین، ئه‌م یارییانه‌ بۆ هیچ یاریزانێك تاقیكردنه‌وه‌ نییه‌، ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ سه‌رجه‌میان یاریزانی ئێمه‌ن و پێویستیمان پێیانه، هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ باشترین پله‌ كۆتایی به‌م وه‌رزه‌ بهێنین.

له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، مارسیلینۆ راهێنه‌ری ڤالێنسیا گوتی: ئێمه‌ یارییه‌كی باشمان كرد و شایسته‌ی سه‌ركه‌وتن بووین، ته‌نانه‌ت ده‌بوو به‌ ئه‌نجامێكی گه‌وره‌تر له‌ ریال مه‌درید ببه‌ینه‌وه‌.

Fly Erbil Advertisment