سبه‌ی له خولی نایابی كوردستان رۆژێكی ئاگرین ده‌بێت
یارییه‌كانی سبه‌ی بۆ به‌شێك له یانه‌كان شه‌ڕی مان و نه‌مان ده‌بێت

ئێواره‌ی سێشه‌ممه گه‌ڕی 22ـه‌می خولی نایابی كوردستان به‌رێوه‌ده‌چێت، یاریی لوتكه له پیرمام له نێوان ئارارات و دهۆك ده‌بێت، برایه‌تی و هه‌ولێریش له‌سه‌ر ياریگه‌ی شه‌قڵاوه به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، گازی باكووریش بۆ مانه‌وه‌ی له خوله‌كه میوانداریی زێره‌ڤانی ده‌كات، ئاكرێش له خراپترین بارودۆخدا پێشوازی له پیشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات، هه‌ندرێن و نه‌ورۆزیش بۆ سارێژی برینه‌كانی گه‌ڕی رابردوویان له هه‌ولێر به‌ره‌نگاری یه‌كتر ده‌بنه‌وه، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیش له باشترین بارودۆخیدا بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ئاماده‌یه، شێروانه‌ش رێگایه‌كی دووری بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی زاخۆ بڕیوه.
برایه‌تی و هه‌ولێر شه‌ڕی مانه‌وه له خوله‌كه ده‌كه‌ن
برایه‌تی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی سزایه‌كه‌ی سه‌ر یاریگه‌ی خۆی هه‌ڵگیراوه، به‌ڵام ئه‌م یارییه‌ش هه‌ر له‌سه‌ر یاریگه‌ی شه‌قڵاوه ئه‌نجام ده‌دات، سه‌وزپۆشه‌كانی پایته‌خت ئه‌مجاره‌یان یاریی له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێری نزیكترین ركابه‌ری خۆی یاری ده‌كات كه له قۆناخی یه‌كه‌م به یه‌كسانبوون به‌بێ گۆڵ یارییه‌كه‌یان ته‌واو كرد بوو، له‌وه‌ته‌ی فاتیح حه‌مه‌خان بۆته‌وه راهێنه‌ر تیپه‌كه تاراده‌یه‌كی باش بۆرێچكه‌ی ئه‌نجامه باشه‌كان گه‌ڕاوه‌ته‌وه، برایه‌تی خاوه‌نی 21 خاڵه و خانه‌ی دوازده‌یه‌می خوله‌كه‌ی گرتووه، به جیاوازی گۆڵ له پێش هه‌ولێره، بردنه‌وه‌ی هه‌ر‌یه‌كیان له‌و یارییه ئه‌ركی ئه‌وه‌یتر بۆ مانه‌وه قوورس ده‌كات.
له به‌رامبه‌ردا یانه‌ی هه‌ولێر، دوای گۆرینی راهێنه‌ر توانی گه‌ڕی رابردوو له ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به‌گۆڵێك له‌گه‌ڵ زێره‌ڤانی یه‌كسان بێت، به‌ڵام ئه‌م یارییه بۆ هه‌ولێرییه‌كان زۆر گرینگه، به‌وپێیه‌ی 7 یارییه هه‌ولێر تامی بردنه‌وه‌ی نه‌كردووه و مه‌ترسی دابه‌زینیشی بۆ خولی پله‌یه‌ك لێ ده‌كرێت، بۆیه بۆ ئه‌م یارییه‌ش پێشبینی ده‌كرێت راهێنه‌ر نوێیه‌كه‌ی هه‌ولێر جیاواز له یارییكانی رابردوو پشت به پێكهاته‌یه‌كی زۆرینه‌ی یاریزانانی هه‌ولێری خولی عێراق ببه‌ستێت، هه‌ولێر خاوه‌نی 21 خاڵه و پله‌ی سێزده‌یه‌می گرتووه.
ئاكرێ له تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زه‌حمه‌تدا میوانداریی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ده‌كات
ئاكرێ 8 یارییه نه‌یبردۆته‌وه و تاراده‌یه‌كی زۆر له دابه‌زین بۆ ریزی پله‌یه‌كه‌كان نزیكه و هه‌گبه‌ی خۆی پێچاوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ماڵئاوایی له خولی نایابی كوردستان بكات، به‌ڵام ده‌یه‌وێت له‌م گه‌ڕه‌دا هه‌موو هه‌ودارانی تۆپی پێی كوردستان شۆك بكات و له پێشمه‌رگه‌ی پێشه‌نگی خوله‌كه بباته‌وه، ئاكرێ ته‌نها 13 خاڵی هه‌یه و له خانه‌ی كۆتایی و چوارده‌یه‌مینی ریزبه‌ندییه‌كه دێت.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر، له‌سه‌رتای خوله‌كه‌وه تا ئیستا هاوسه‌نگترین تیپه، به ئاستێكی جێگیر ده‌رده‌كه‌وێت به كۆكردنه‌وه‌ی 40 خاڵ پێشه‌نگی خوله‌كه به‌رنادات، گه‌ڕی رابردووش پێشمه‌رگه سێ خاڵی له زاخۆ وه‌رگرت و هه‌نگاوێك له ناسناوه‌كه نزیكبۆته‌وه، بۆ ئه‌م یارییه‌ش كێشه‌ی سه‌ره‌كی كوڕانی سه‌میر بابۆی راهێنه‌ری پێشمه‌رگه چیمه‌نی یاریگه‌ی ئاكرێیه، كه وه‌ك پێویست گونجاو نییه بۆ یاریكردن و له‌گه‌ڵ شێوازی یارییكردنی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ناگونجێت.
ئه‌م یارییه بۆ ئارارت دوایین ده‌رفه‌ته به‌رامبه‌ر دهۆك
ئارارات له یاریگای خۆی له پیرمام میوانداریی دهۆك ده‌كات، ئه‌مه دواین ده‌رفه‌تی تیپه‌كه‌ی ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌دی راهێنه‌ری ئاراراته بۆ ئه‌وه‌ی له كێبڕكێكردنی ناسناوی خولی نایابی كوردستان دوورنه‌كه‌وێته‌وه، به‌وپێیه‌ی 3 یارییه تیپه‌كه‌ی پیرمام نه‌یبردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر له‌م یارییه‌ش ئارارات سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت تاراده‌یه‌كی زۆر ئه‌مساڵیش بێده‌ستكه‌وت وه‌رزه‌كه‌ی كۆتایی پێدێنێت، بۆیه به‌هه‌ر نرخێك بێت ئارارات هه‌وڵی بردنه‌وه ده‌دات و چاوه‌رێی شكستی پێشمه‌رگه‌ش ده‌كات، ئارارات خاوه‌نی 36 خاڵه و خانه‌ی دووه‌م به‌شییه‌تی.
له به‌رامبه‌ردا دهۆك ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ره‌تادا باشترین ده‌ستكه‌وتی هه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌یه‌ك له پێكهاته‌كه له بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه تاراده‌یه‌ك دووركه‌وتۆته‌وه، ئیستا ته‌نها بۆ ناو شكۆی خۆی یاریی ده‌كات، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاروون ئه‌حمه‌دی ناوه‌ڕاستكار، ئاستی تیپی دهۆك باشتر بووه و، دهۆك له ئێستادا خاوه‌نی 32 خاڵه و پله‌ی چواره‌می داگیر كردووه.
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له باشترین بارودۆخیدا میوانداریی ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات
پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی له یاریگای خۆی میوانداریی شینپۆشه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان ده‌كات، پێشمه‌رگه له‌گه‌ڵ گۆڕینی راهێنه‌ر بۆ سه‌رێڕه‌وی سه‌ركه‌وتنه‌كان گه‌ڕاوه‌ته‌وه و 3 سه‌ركه‌وتن و یه‌كسانبوونێكی هه‌یه، بۆ ئه‌م یارییه‌ش یاسین مه‌نافی راهێنه‌ری نوێی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ی شكسته‌كه‌ی قۆناخی یه‌كه‌می یانه‌كه‌ی له یانه‌ی ده‌ربه‌ندی میوانی بكاته‌وه و به‌رده‌وامی به بردنه‌وه‌كانیشی بدات، سه‌وزپۆشه‌كانی سلێمانی 30 خاڵیان هه‌یه و له خانه‌ی پێنجه‌م دێن.
ده‌ربه‌ندیخان، تیپه خاوه‌ن هانده‌ره زۆره‌كه‌ی كوردستان، بۆئه‌م وه‌رزه جوانترین سیمای خوله‌كه بوون، به‌شێوه‌یه‌كی كراوه یاری ده‌كه‌ن و ئاستێكی نایابیشیان نیشانداوه، بۆ هه‌ر یارییه‌كیش كێشه بۆ تیپه‌كانی به‌رامبه‌ریان دروست ده‌كه‌ن و به ئه‌سته‌م خاڵ له ده‌ستده‌ده‌ن، تاكه كێشه‌ی ئه‌و تیپه‌له سێ یاریی رابردووش پێكانی شوانه كه‌مال بوو، كه یاریزانیكی كاریگه‌ری تیپه‌كه‌یه، به‌ڵام ده‌ستی به راهێنان كردۆته‌وه و ره‌نگه ئه‌م یارییه به‌شداری بكات، ده‌ربه‌ند 30 خاڵی كۆكردۆته‌وه و پله‌ی حه‌وته‌م به‌شیه‌تی.
هه‌ندرێن و نه‌ورۆز بۆ ساڕێژی زامه‌كانیان رووبه‌ڕووی یه‌كترده‌بنه‌وه
نه‌ورۆز بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی هه‌ندرێن گه‌شتی هه‌ولێری پایته‌ختی كردووه، نوێنه‌ره‌كه‌ی سلێمانی ده‌یه‌وێت له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی تۆڵه‌ی شكسته‌كه‌ی قۆناخی یه‌كه‌م له هه‌ندرێن بكاته‌وه، بارودۆخی هه‌ردوو تیپ له ڕووی ده‌روونییه‌وه باش نییه، چونكه گه‌ڕی رابردوو دووچاری شكست هاتن، هه‌ندرێن تاكه ئامانجی مانه‌وه‌یه له خوله‌كه، بۆیه دڵشاد مه‌عرووفی راهێنه‌ری هه‌ندرێن ده‌یه‌وێت به بردنه‌وه له نه‌ورۆز خۆی له ناوچه‌ی مه‌ترسی دووربخاته‌وه، له ئێستاشدا هه‌ندرێن 25 خاڵی هه‌یه پله‌ی نۆیه‌می گرتووه.
له به‌رامبه‌ردا نه‌ورۆز، به‌هۆی شكسته‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی هه‌نگاوێك له بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه دووركه‌وتۆته‌وه، به‌ڵام هێشتا پرسیار عه‌بدولره‌زاقی راهێنه‌ری نه‌ورۆز كه گه‌نجترین راهێنه‌ری خوله‌كه‌یه هیوای نازناوه‌كه‌ی له‌ده‌ست نه‌داوه و بۆ ئه‌م یارییه شه‌ڕی مان و نه‌مان ده‌كات، چونكه به بردنه‌وه‌ی له‌م یارییه و شكستی ركابه‌ره‌كانی هیوای بردنه‌وه‌ی ناسناوه‌كه بۆ نه‌ورۆز ده‌گه‌رێته‌وه، به‌ڵام ئه‌ركی ئاسان نییه، چونكه هه‌ندرێن یه‌ك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی به باشی له‌به‌رامبه‌ر تیپه گه‌وره‌كان ده‌رده‌كه‌وێت، نه‌ورۆز خاوه‌نی 34 خاڵه و پله‌ی سێیه‌م به‌شیه‌تی.
زاخۆ میوانداری ماندووترین تیپی خولی نایاب ده‌كات
شێروانه رێگایه‌كی دووری بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی زاخۆ بڕیوه، شێروانه به‌هۆی شوێنی جوگرافی و مه‌ودوای دووری له یانه‌كانی تر، ماندووترین یانه‌ی خولی نایابی كوردستانه، زاخۆ بۆ ئه‌م یارییه ده‌یه‌وێت سوود له هیلاكی و شه‌كتبوونی شێروانه وه‌ربگرێت و به بردنه‌وه خۆی له ناوچه‌ی دابه‌زین دووربخاته‌وه و تۆڵه‌ی شكسته‌كه‌ی قۆناخی یه‌كه‌میش له یانه گه‌رمیانییه‌كه بكاته‌وه، به‌وپێیه‌ی له یاری چوون زاخۆ به 3 گۆڵی بێوه‌ڵام به یانه كه‌لارییه‌كه دۆڕا بوو.
له به‌رامبه‌ردا شێروانه له‌گه‌ڵ وه‌لید محه‌مه‌دی راهێنه‌ر، له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان ئاست و ئه‌نجامیان زۆرباشه، به‌وپێیه‌ی شێروانه له كۆی 7 بردنه‌وه‌یان له‌م وه‌رزه 4 سه‌ركه‌وتنیان له ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆیان تۆمار كردووه، به‌ڵام ره‌نگه بۆ ئه‌م یارییه دووری رێگاكه كاریگه‌ری خراپی به‌سه‌ر ئاستی یاریزانه‌كانه‌وه هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شێروانه تاراده‌یه‌كی زۆر ئامانجی خۆی پێكاوه مانه‌وه‌ی مسۆگه‌ر كردووه، چونكه خاوه‌نی 28 خاڵه و خانه‌ی هه‌شته‌م به‌شیه‌تی.
گازی باكوور ده‌یه‌وێت زێره‌ڤانیش به ده‌ردی هه‌ندرێن به‌رێت
گازی باكوور تاكه نوێنه‌ره‌كه‌ی كه‌ركووك، بۆ مانه‌وه‌ی له خولی نایاب له كیشه دایه، به‌ڵام بردنه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوویان به‌رامبه‌ر هه‌ندرێن تاڕاده‌یه‌ك هیوای مانه‌وه‌یان له خوله‌كه بۆ گه‌ڕایه‌وه، بۆ ئه‌م یارییه‌ش عیماد قادری راهێنه‌ری گاز ده‌یانه‌وێت له زێره‌ڤانی ببنه‌وه، یانه كه‌ركووكییه‌كه 21 خاڵی هه‌یه و پله‌ی یازده‌یه‌می گرتووه.
له به‌رامبه‌ردا ئاستی زێره‌ڤانی ئه‌م وه‌رزه وه‌ك پێویست نییه، سلێمان ره‌مه‌زانی راهێنه‌ری ئه‌و یانه‌یه ئه‌وه به‌رنامه‌یه‌ی دایانابوو بۆ بردنه‌وه‌ی خوله‌كه سه‌رینه‌گرت، ته‌نانه‌ت به هێنانی چه‌ند یاریزانێكیش بۆ قۆناخی دووه‌م نه‌یتوانی ركابه‌ری نازناوه‌كه بكات، زێره‌ڤانی هه‌ڵگری 4 نازناوی خوله‌كه بۆ ئه‌م یارییانه‌ی كه ماویانه ته‌نیا بۆ شكۆ و ناوی خۆیان یاریی ده‌كه‌ن، كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و تیپه نه‌بوونی گۆڵكارێكی راسته‌قینه‌یه بۆیه نه‌یانتوانی ئامانجه‌كه‌یان بپێكن، له ئێستادا خاوه‌نی 30 خاڵن و له پله‌ی شه‌شه‌م دێن.
.jpg)