نرخی پەتاتە و پیاز لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە

ماوه‌یه‌كی دیكه‌ به‌رهه‌می ناوخۆ پێده‌گات

K24 - هه‌ولێر:

داخستنی سنورەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ڕێگریکردن لە ھاوردەی بەرھەمی پەتاتە و پیاز، نرخەکانی لەبازارەکان بەرزکردووەتەوە، نوێنەری ژووری بازرگانیش ئەلێ تا 15ـی مانگ نرخی پەتاتە زیاتر بەرز ئەبێتەوە.

بۆ لەمەولا ھاوردەکردنی پەتاتە و پیاز لەدەروازە سنوریەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ عێراق ڕێگای پێنادرێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر بازاری ھەرێمی کوردستان دروستکردووە و نرخەکانی بەرزکردووەتەوە، نوێنەری ژووری بازرگانی لە عەلوەی سلێمانیش نایشارێتەوە کە تا 14ـی مانگ نرخی پەتاتە زیاتر بەرز دەبێتەوە.

جوتیارانی کوردستان لە چەند ھەفتەی داھاتوو بەرھەمی پەتاتە و پیازیان  پێ ده‌گات و دەیخەنە بازارەوە، فرۆشیاران  ترسیان لەبەرزبوونەوەی نرخەکان نییە، چونکە دەڵێن بەرھەمەکان ھێندە زۆر دەبن بەرھەمی ناوخۆی پڕدەکەنەوە و کوردستان پێویستی بەھاوردەی ئەو دوو بەرھەمە نابێ.

نرخی کیلۆیەک پیاز لە عەلوەی سلێمانی لەنێوان 600 بۆ 900 دینارە، پەتاتەش لەنێوان 550 بۆ 700 دینارە، ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە پێش قەدەغەکردنی ئەو بەرھەمانە، بەرھەمێکی زۆر لە کۆگاکان ھەڵگیراوە.