لە سلێمانی 29 تۆمەتبار دەستگیر كران
دەست بەسەر چەند پارچە چەكێك داگیراوە
K24 - سلێمانی
ھێزەكانی پۆلیس لە سلێمانی لە ماوەی 14 رۆژدا توانیویانە 29 تۆمەتبار دەستگیر بكەن، كە چەندین تۆمەتی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە.
سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، لەماوەی 14 رۆژدا 29 كەسیان دەستگیر كردووە، كە تاوانی جۆراوجۆریان ئەنجامداوە".
روونیكردەوە: "بەشێك لە تاوانبارەكان پارەیان دزیووە و ھەروەھا پارەی ساختەیان لە بازاڕەكان بڵاوكردووەتەوە. ھەروەھا ھەندێكیان مادەی ھۆشبەریان بەكارھێناوە و دەستدرێژیان كردووەتە سەر ژنان، ھاوكات چەند كەسێكیان تۆمەتبارن بە خراپ بەكارھێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی".
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ئاماژەی بەوەكرد: "یەکێك لەو تۆمەتبارانە 2 ھەزار و 784 وێنەی ئافرەتانی لە مۆبایلەکەیدابووەو دەستکاری وێنەکانی کردوەو لە بەرامبەردا داوای پارەی کردووە".
ھێزەكانی پۆلیسی سلێمانی لەگەڵ دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانە دەستیان گرتووە بەسەر 5 دەمانچە.
سەركەوت ئەحمەد ئاشكراشی كرد: "لە ماوەی 4 رۆژی رابردوودا سێ حاڵەتی کوشتن لەناو شاری سلێمانی تۆماركراوە".
ھ.م





