لە 4 ساڵدا ههزار داوای ياسايى تایبهت به كهیسی گهندهڵی تۆمار كراون
بەشێكی زۆریان یەكلا كراونەتەوە
K24 - ههولێر:
داواكاری گشتی رایدەگەیەنێت, چارەنووسی لیستی ناوی ئەو كەسانەی بە نایاسایی بە پلەی تایبەت خانەنشینكراون، لەنێو یاسای چاكسازی جێگای بۆ كراوەتەوە، بە تێپەڕاندنی یاساكەش ئەو پرسە چارەسەر دەبێت.
هاوكات دەستەی دەستپاكی ئاماژە بەوە دەكات، كه لە ماوەی 4 ساڵدا، نزیكەی 1000 داوای سزایی تۆمار كراون، كه بەشێكی زۆریان یەكلا كراونەتەوە و بەھۆیەوە توانیویانە چەندان ملیار دینار بۆ حكوومەت بگەڕێننەوە.
ھەرسێ دەزگا چاودێرییەكەی ھەرێمی كوردستان، كە بریتین لە دەستەی دەستپاكی، دیوانی چاودێری دارایی و داوكاری گشتی، له پرۆسهكهدا بەشدارن.
داواكاری گشتی وەك یەكێك لە سێ دەزگاكە، لە ماوەی رابردوودا لیستێكی 500 كەسی ئامادە كرد، لیستەكە ناوی ئەو كەسانەی تێدایە، كە بە شێوەی نایاسایی بە پلەی تایبەت خانەنشین كراون، به جۆرێك كەسانێك قەت بینای وهزارهتهكانیان نهبینیوه و بە وەزیر خانەنشین بوون.
لیستەكە لەناو یاسای چاكسازی جێگای كرایەوە، كە ئێستا گەڕێندراوەتەوە پەرلەمان، ئەندامێكی داواكاری گشتییش وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، كە بۆچی خەڵك ھێشتا ھەست بە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی ناكات؟
ھەرچی دەستەی دەستپاكییە لە ماوەی چوار ساڵدا، نزیكەی 1000 داوای سزایی تۆمار كردووە و بەشێكیشیان دراونەتە دادگا، دادوەری لێكۆلینەوەی دەستەكەش داوا دەكات خەلك زیاتر ھاوكارییان بكەن و لەسەر پرسی گەندەڵی ھەواڵیان پێ بدەن.
لەو كەیسانەی دەستەی دەستپاكی كە یەكلا كراونەتەوە، توانراوە چەندین ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێندرێتەوە، چاوەڕێش دەكرێت تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی، گەندەڵی تا ئاستێكی باش كەم بكاتەوە و دوو مووچە و سێ مووچە و خانەنشینی نایاسایی كۆتایی پێ بێنێت.