بزووتنەوەی ئیسلامی ده‌یه‌وێت به‌شداریی له‌ حكوومه‌تدا بكات

"ئه‌زموونێكی باشمان له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هه‌یه‌"

K24- هه‌ولێر:

عەبدوڵڵا وەرتی, ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت: "چاوەرێین پارتی بە فەرمی بانگھێشتی ناو کابینەی نوێمان بکات". سکرتێری پەرلەمانی کوردستانیش بە پێویستی دەزانێت بەشداریی کارا به‌ پێکھاتەکان لە کابینەی نۆیەمدا بکرێت.

له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24، وه‌رتی دووپاتی كرده‌وه‌، حیزبه‌كه‌ی بڕیاری داوه‌ به‌شداریی له‌ حكوومه‌تدا بكات، به‌ڵام ده‌بێت پێگه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی پارێزراو بێت.

سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ش كه‌ باس له‌ خواستی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی بۆ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی له‌ كابینه‌ی داهاتوو، عه‌بدوڵڵا وه‌رتی گوتی: "ئه‌مه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌یان ئه‌زموونی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌دا هه‌یه‌ و توانیومانه‌ له‌ ئیداره‌دانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ تا ڕادده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتوو بین".

پێکھاتەکان دەرگاکانیان بۆ سەردانی شاندی پارتی خستووه‌تە سەر پشت، چاوەڕێش بوون سەرەتا رێککەوتنی پارتی, یەکێتی و گۆران یەکلا ببێتەوە، له‌م باره‌یه‌وه‌ مونا قەھوەچی, سکرتێری پەرلەمانی كوردستان باسی ئەوە دەکات, تورکمان و مەسیحییەکان تامەزرۆن، لە کابینەی نوێدا، بەشداریی کارایان پێ بکرێت.

بەرکەوتەی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆران لە کابینەی نوێ یەکلا بووه‌تەوە، ئەوەی ماوەتەوە پشکی پارتی و ئەو لایەنانەیە، کە لە داھاتوودا پارتی گفتوگۆی پێکھێنانی حکوومەتیان لەگەڵدا دەکات.

H.B