ههرێمی كوردستان.. تابلۆ بۆ ئۆتۆمبێلە بێ پێشینهكان دەبەسترێت
خاوەنی ئۆتۆمبێلە بێ پێشینه و تابلۆ بیانییەکان ئاگادار دەکرێنەوە
K24 - ههولێر:
لە ھەرێمی کوردستان بە ھەزاران ئۆتۆمبێلی بێ پێشینه و ئۆتۆمبێلی ئەوڕوپی ھەن، کە ھیچ پێشینەیەکیان نیيە و لەلایەن ھاووڵاتییان مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت، بەشێك لەو ئۆتۆمبێلانە نرخیان لە 5 ههزار دۆلاری ئەمریکی کەمترە و بە ھۆی زۆریی سەرپێچیيەکانیان، کێشە و مەترسییان بۆ رێگا و سەلامەتیی شۆفێران دروست کردووە.
پۆلیسی ھاتووچۆ دەڵێت: "ئۆتۆمبێڵ ھەیە رۆژانە چەند جارێك تابلۆکەی دەگۆڕدرێ و تابلۆی دیکەی لێ دەبەسترێ، ئەوەش دەرفەتی بۆ سەرپێچی و تاوانکاریی زیاتر کردووە".
ئەو کەسانەی مامەڵە بە ئۆتۆمبێلە بێ پێشینهکان دەکەن، چاوەڕێن بڕیارەکەی حکوومەت رێنمایی تەواوی لەبارەوە دەربکرێ، ئەوان بڕیارەکە بەباش دەبینن، بەڵام دەڵێن ئۆتۆمبێلە بێ پێشینهکان نرخێکی کەمیان ھەیە، گرنگە لە وەرگرتنی باج و رسووماتی بەناوکردنیان، رەچاوی نرخیان بکرێ.
ژمارەی ئۆتۆمبێلە بێ پێشینهکانی سنووری ڕاپەڕین لە 5 ھەزار تێپەڕی کردووە، نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانە لەنێوان 200 دۆلار تا 5 ھەزار دۆلار دەبێت، ئێستا بازاڕی کڕین و فرۆشتنیان گەرمە و مەمەڵەیان پێوە دەکرێ بەڵام بە ھۆی نەبوونی ھیچ پێشینەیەکیان لای دەزگا پەیوەندیدارەکان، ھاتووچۆپێکردنیان لەنێوان شار و شارۆچکەکان سنووردارە.
ئ. م