هه‌ولێر.. گه‌نجێك خۆی كوشت
پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌ی له رووداوه‌كه ده‌ست پێ كردووه
K24 - هه‌ولێر:
كاتژمێر 7 و نیوی سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 11ی ئایار/ مایۆی 2019، گه‌نجێك به ناوی (ئه‌یاد حه‌یده‌ر قاسم) له‌دایكبووی ساڵی 1999، كه له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی شنگاله، له‌سه‌ر یه‌كێك له باڵه‌خانه‌كانی شه‌قامی موزه‌فه‌رییه‌ی هه‌ولێر، خۆی هه‌ڵدایه خواره‌وه و گیانی له ده‌ست دا.
له‌و باره‌یه‌وه رائید هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئه‌و كه‌سه‌ی كۆتایی به ژیانی خۆی هێناوه، هاووڵاتییه‌كی كوردی خه‌ڵكی شنگاله و پیشه‌ی كرێكار بووه، دوای رووداوه‌كه‌ش ته‌رمه‌كه‌ی گواستراوه‌ته‌وه پزیشكى دادیى هه‌ولێر.
له گرته ڤیدیۆییه‌كدا، كه له كامێرای چاودێرییه‌وه وه‌رگیراوه و ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و گه‌نجه له سه‌ره‌وه‌ی باڵهخانهكهيه و به دیوی رۆژئاوایدا خۆی شۆڕكردووه‌ته‌وه، دواتریش ده‌كه‌وێته خواره‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، راسته‌وخۆ له شوێنی رووداوه‌كه گیانی له ده‌ست داوه، له‌م باره‌یه‌شه‌وه پۆلیس ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه‌ی له رووداوه‌كه كردووه.