ئه‌مشه‌و بارسێلۆنا به‌بێ چه‌ندان ئه‌ستێره‌ یاری جامی شا ده‌كات

بارسێلۆنا ده‌یه‌وێت دوای ریمۆنتادایه‌كه‌ی لیڤه‌رپوول هانده‌رانی ئاشت بكاته‌وه‌

بارسێلۆنا و ڤاڵێنسیا لە یاریگای بێنیتۆ ڤیامارین لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا له‌ كاتژمێر 10:00ـی ئه‌مشه‌و بەیەک دەگەن، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ڤالڤێردی بەبێ چەند ئەستێرەیەکی ئەم یارییە ئەنجام دەدات و دەیەوێت دوای ریمۆنتادایەکەی لیڤەرپوول هاندەرانی ئاشت بکاتەوە، ڤاڵێنسیاش بە سەرکردایەتی رۆدریگۆ مۆرینۆ و دانیێل پاریخۆ ده‌یانه‌وێـ هاوشێوه‌ی 2008 جارێکی دیکە ئەم نازناوە بەدەست بهێنێتەوە.

ڤالڤێردی سەرەڕای پاڵپشتییە بەردەوامەکانی بارتۆمیۆ هێشتا گومان لە بەردەوام بوونی لە پۆستەکەی لێدەکرێت، ئەم یارییە کاریگەریی لەسەر مانەوەی لە پۆستەکەی دەبێت، ئەستەمە هاندەرانی بارسێلۆنا بەوە رازی بن یانەکەیان لە ماوەی مانگێک دوو نازناو لەدەست بدات.

هەریەکە لە لویس سوارێز و عوسمان دێمبلی و تێرشتیگن ناتوانن بەشداریی ئەم یارییە بکەن و کۆتینهۆش بەهەمان شێوە پێکانی هەیە، بەڵام بلاوگرانا دەیەویت بۆ پێنجەم وەرز ببێتە شای ئیسپانیا و 31ـه‌مین نازناوی کۆپا دێل رێی بەدەست بهێنێت.

بارسێلۆنا ئەرکی ئاسان نابێت، چونکە لەم وەرزەی لالیگا لە هەردوو یاریی لالیگا نەیتوانیوە لە ڤاڵێنسیا بباتەوە، لە ڤاڵێنسیا بە گۆڵێک یەکسان بوون و لە کامپ نووش بە دوو گۆڵ یەکسان بوون.

ئەم یارییە بۆ مێسی تایبەت دەبێت، چونکە لیۆ دەیەوێت پێش ئەوەی بەرەو ئارجێنتینا گەشت بکات و بەشداریی کۆپا ئامێریکا بکات، جامی شای ئیسپانیا لە هەرێمی ئەندەلوسەوە بگەڕێنێتەوە بارسێلۆنا، کە هەرگیز لیۆ لە جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ڤاڵێنسیا نەدۆڕاوە، لە کۆی 6 یاریی مێسی چوار بردنەوە و دوو بەرامبەربوونی بەدەستهێناوە و سێ گۆڵی دژی ڤاڵێنسیا کردووە و دوو گۆڵیشی دروستکردووە.

ڤاڵێنسیاش بە تەواوی یاریزانەکانی بۆ یاریی کۆتایی ئامادەیە و لەوەتەی رۆژی پێنجشەممە و لە شاری سێڤییان، دوای بەدەستهێنانی بلیتێکی بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، شەمشەمە کوێرەکان دەیانەوێت بە بەدەستهێنانی جامی شای ئیسپانیا وەرزێکی نموونەیەی تۆمار بکەن، کە پێشتر ڤاڵێنسیا حەوت جار ئەم نازناوەی بەدەستهێناوە..

رۆدریگۆ مۆرینۆ و دانیێل پاریخۆ و سانتیاگۆ مینا دیارترین چەکەکانی مارسیلینیۆ گارسیا دەبن بۆ ئەم یارییە بۆ ئەوەی کەتەلۆنییەکان شۆک بکەن.

Fly Erbil Advertisment