کۆڕبەندی وەبەرھێنەرانی جیھان لە ھۆڵەندا بەڕێوەدەچێت

دەیانەوێت وڵاتە كاولكارەكان ببوژێننەوە

K24 - دەنھاخ

دوو ھەزار وەبەرھێنەر لەبوارە جیاوازەکانەوە، لەسەرانسەری جیھانەوە لەناویاندا ئیڤانکا ترەمپ، کچی سەرۆکی ئەمەریکا وەکو وەبەرھێنەرێک روویان لە شاری دەنھاخی ھۆڵەندا کردووەو دەیانەوێت بە گشتی لە جیھاندا و بەتایبەت لە وڵاتانی کاولکراو بەھۆی شەڕەوە کەرتی وەبەرھێنان ببوژێنەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ھۆڵەندا سەرپەرشتی تەواوی لوتکەی وەبەرھێنەرانی جیھانی دەکەن.

ئامانجی ئەم لوتکەیە، سەکۆیەکی نێودەوڵەتییە کە حکوومەتەکان و کۆمپانیاکان پێکەوە کۆدەکاتەوەو بۆئەوەی بیرۆکە و داھێنانەکانیان ئاشنا بکەن بە یەکتری و ئەو گرفتانەی ئێستا تووشی مرۆڤایەتی بوون چارەسەربکرێن.

کۆبونەوەی لوتکەکە سێ رۆژ دەخایەنێت و ھەر رۆژەی چەندین پانێڵ و کۆنفرانس و سیمینار لەخۆدەگرێت. ئەو بوارانەی لەناو لوتکەدا  بڕیارە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت بریتییە لەپرسی ئاسایشی خۆراک و وزە و تەندروستی و ژینگە و ئاو.

بڕی تێچووی کۆڕبەندەکە، ساڵانە بڕی 15 ملیۆن یۆرۆ تێچووی کۆڕبەندی وەبەرھێنەرانی جیھانییە و کە لەلایەن حکوومەتی ئەمەریکا و ھۆڵەنداوە ئەو بڕە پارەیەی بۆ تەرخانکراوە.

ئەمڕۆ یەکەم رۆژی کۆڕبەندی وەبەرھێنەرانی جیھانی دەست بە کارەکانی خۆی دەکات و کاتژمێر 6ی ئێوارە پاولینا کریکی، پارێزگاری دەنھاخ وتەی بەخێرھاتنی میوانەکان پێشکەش دەکات و دواتر مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتاری دەبێت و لەکۆتایشدا مارک روتە سەرۆک وەزیرانی ھۆڵەنداش وتارێک پێشکەش دەکات.

ھ.م