یەكێتی داوای رێككەوتنێكی دیكە لە پارتی دەكات
بۆ چارەسەر گفتوگۆ لەنێوان ھەردوولا ھەیە
K24 - سلێمانی
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە فراکسیۆنەکەی بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە سەرۆکی ھەرێم نەکرد، لە دوا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی حزبەکەیان بڕیاریایاندا بە شاندێکی باڵا بەشداری رێوڕەسمی سوێند خواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بکات و پارتیش پێشوازی لەو بڕیارە دەكات و پێی وایە كاریگەری ئەرێنیی دەبێت لە قۆناخەكانی داھاتوودا.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرای دەكات، ئەوان داوا دەكەن رێككەوتنێكی دیكە لەگەڵ پارتی واژۆ بكەن.
نەرمین عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "یەكێتی پێی باشە رێككەوتنێك بكرێت و بەشداربێت لە حكوومەت، بۆ ئەم مەبەستە لەم دوو رۆژەدا گفتوگۆ ھەیە، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك، ھیواخوازین ئەو پرۆسەیە سەربگرێت، چونكە ناوچەكە بەبێ دەسەڵاتی ئەو دوو ھێزە بەڕێوەبردنی ئاسان نییە، بۆیە بۆچوونی زۆرینەی كەس ئەوەیە كە یەكێتی بەشداربێت لە حكوومەت، بەڵام مەرجداربێت".
پێشتر پارتی و یەکێتی دوو رێكکەوتنیان بۆکارکردن و ھەماھەنگی لە پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان واژۆ کردووە. ئەوەی پارتی جەختی لەسەر دەکاتەوە پێداچوونەوەیە بەو خاڵەی کە بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێکردنی رێكکەوتنیان لەگەڵ یەکێتی پەیوەست بە پۆستی پارێزگاری کەرکووک.
ھ.م