ئاماری حاڵەتەكانی ھەوكردنی جگەر لە ھەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت

وەزارەتی تەندروستی داوا لە ھاووڵاتیان دەكات خۆیان بپارێزن

K24 - ھەولێر

وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی كوردستان، ئاماری حاڵەتەكانی ھەوكردنی جگەر لە ھەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت و بەگوێرەی ئامارەكە رێژەكە كەمە و مەترسیدار نییە.

خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھەوكردنی جگەر یەكێكە لە نەخۆشییە ڤایرۆسییە گوازراوەكان، لە كەسی تووشبو دەگوازرێتەوە بۆ كەسێكی دیكە، جۆری B و C ھەیە، یەكەمیان لە رێگەی خوێن و پێكھاتەكانیەوە دەگوازرێتەوە، دووەم لە رێگەی سێكس كردن بەبێ كۆندۆم لەگەڵ كەسێك كە ھەڵگری ڤایرۆسەكە بێت دەگوازرێتەوە، ھەروەھا رێگەی سێیەم سرنج و دەرزی پیس یان ھەر ئامێرێكی بڕەڕ كە بەكارھاتووە بۆ كەسێكی دیكەی ھەڵگری ئەو ڤایرۆسە".

خاڵس قادر، لەبارەی ئامارەكان گوتی: "لە ساڵێ 2017 ئەو كەسانەی لە ھەرێمی كوردستان تووشی ئەو ڤایرۆسە بوونە ژمارەیان 690 كەس بوو لە 2018 تەنھا 590 حاڵەتی تووشبون بە ھەوكردنی جگەر تۆمار كراوە، ھەروەھا ئەمساڵ 767 حاڵەت تۆماركراون. رێژەی حاڵەتەكان كەمە، بەڵام پێویستە خەڵك زیاتر خۆی لە تووشبون بەو ڤایرۆسە بپارێزێت".

ئاماژەی بەوەشدا: "ھەوكردنی جگەر لە ھەرێمی كوردستان ھەیە، بەڵام حاڵەتەكان نەگەیشتوونەتە ئاستێكی مەترسیدار، چونكە بەپێی ئاماری تەندروستی جیھانی لە ھەر وڵاتێك كە رێژەكە لە 8%  بوو ئینجا دەبێتە رێژەیەكی بەرز و مەترسی ھەیە، لە ھەرێمی كوردستان رێژەكە لە 2% كەمترە".

ھ.م

Fly Erbil Advertisment