لایەنگرانی حەشد رێگا سەرەکییەکانی پارێزگای نەینەوا دادەخەن
دژی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی سەعبی خۆپیشاندان دەکەن
K24 – ههولێر:
لە دژی بڕیاری کشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای نەینەوا، سەدان کەس رێگاکانی پارێزگاکەیان بەرەو هەولێر و ناوچەکانی دیکە داخست.
ژمارەیەک لە لایەنگر و کەسوکاری پەرلەمانتار، حەنین قەدۆ ، برای وەعد قەدۆ، فەرماندەی لیوای 30 چەکدارانی حەشدی شەعبی، خۆپیشاندان و مانگرتنی کراوەیان لە چەند ناوچەیەکی دەورووبەری موسڵ دەستپێکرد و رێگاکانی پارێزگاکەیان بەرەو هەولێر و دەشتی نەینەوا داخست.
ئەمەش دوای بڕیارەکەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت، بۆ کشانەوەی چەکدارەکانی سەربە لیوای 30ی حەشدی شەعبی، کە لە پێکهاتەی تورکمان و شەبەکی شیعە پێکدێت.
بەهۆی فشارەکانی ئەمەریکا و هەڕەشەی ئابڵوقەی ئابووری، بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی عێراق دەیانەوێت، حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە و بخرێنەوە سەر سوپای عێراق، بەڵام بەشێکی دیکە لە کاربەدەستانی عێراق، دژی ئەو هەنگاوەن.
H.J