پۆلیتیکۆ: یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیە بەریتانیا وەربگرێتەوە

ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ لە زاری بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەوروپاوە ئاشکرای کرد، برۆکسل ئامادەیە نەرمی لە مەرجە سەرەکییەکان بنوێنێت و رێگە بە بەریتانیا بدات بەبێ پەیوەستبوون بە دراوی هاوبەشی یۆرۆ و بەبێ چوونە نێو ناوچەی سنوورکراوەی "شینگن"، بگەڕێتەوە نێو یەکێتیی ئەوروپا؛ ئەم پێشهاتەش گەورەترین دەستکەوتە بۆ ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە جەخت دەکاتەوە "برێگزیت شکستی هێناوە".

بەپێی زانیارییەکانی دوو بەرپرسی باڵای یەکێتیی ئەوروپا بۆ ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ، ئەگەر لەندەن بە فەرمی داواکاری پێشکەش بکات بۆ گەڕانەوە بۆ نێو یەکێتیی ئەوروپا، بەریتانیا ناچار ناکرێت دەستبەرداری دراوی نیشتمانی پاوەند بێت یاخود سنوورەکانی بە تەواوی بۆ ناوچەی شینگن واڵا بکات، بەڵکو دەتوانێت بە هەمان شێوازی تایبەت و بەخشینەکانی سەردەمی پێش برێگزیت دەرفەتی ئەندامێتیی پێ بدرێتەوە.

ئەم نەرمیپێشاندانەی برۆکسل وەڵامدانەوەی نیگەرانییەکی گەورەی دەنگدەرانی بەریتانیایە. راپرسییەکی نوێی دامەزراوەی (YouGov) دەریدەخات کە 55%ـی هاووڵاتییانی بەریتانیا داوای هەڵوەشاندنەوەی برێگزیت و گەڕانەوە بۆ نێو ئەوروپا دەکەن lە بەرامبەر 34% کە دەیانەوێت لە دەرەوە بمێننەوە، بەڵام کاتێک پرسیاری سەپاندنی دراوی یۆرۆ و هەڵگرتنی ڤیزای شینگن دەخرێتە بەردەمیان، رێژەی پشتیوانیی خەڵک بۆ 35% دادەبەزێت؛ بۆیە ئەم ئاسانکارییەی یەکێتیی ئەوروپا زەمینە بۆ ڕازیبوونی زۆرینەی گەلی بەریتانیا دەڕەخسێنێت.

ئەم پەیامەی ئەوروپا پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە برێگزیت شکستی هێناوە و زیانی زۆری بە وڵات گەیاندووە، تەنانەت پێشنیازی کردووە کە پرسی گەڕانەوە بۆ نێو یەکێتیی ئەوروپا بخاتە نێو کارنامەی هەڵبژاردنی داهاتووی پارتی کرێکاران.

بڕیارە رۆژی 20ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاندی بێرنهام لە برۆکسل لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کۆببێتەوە بۆ واژۆکردنی پاکێجێکی گرنگی ئاسانکاریی بازرگانیی خۆراک، گەشتی لاوان و کەمکردنەوەی کاربۆن. بێرنهام ئاشکرای کردووە کە لەم لووتکەیەدا بژاردەکانی داهاتوو دەخاتەڕوو، لەوانە چوونە نێو بازاڕی هاوبەش، یەکێتیی گومرگی، یاخود گەڕانەوەی تەواوەتی بۆ نێو یەکێتیی ئەوروپا.

بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەڕای ئەوەی لە رووی یاساییەوە هەڵوێستی فەرمی تا کاتی پێشکەشکردنی داواکاری لە لایەن لەندەنەوە دەرناکەوێت، بەڵام یەکێتییەکە لە پرۆسەی دانوستاندا رەچاوی بارودۆخی تایبەتیی بەریتانیا دەکات؛ بەرپرسێکی ئەوروپی بە پۆلیتیکۆی گوت: "لە تیۆریدا یاسای گشتی هەیە، بەڵام لە واقیعدا دەبینین یەکێتییەکە نەرمترە و مۆدێلی جیاواز بۆ وڵاتان بەردەستە."

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێش هەڵبژاردنی گشتیی داهاتوو کە لە ساڵی 2029 یان زووتر بەڕێوە دەچێت هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نادرێت، تاوەکو لە رێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە متمانەی گەلی بەریتانیا بەدەستبهێنێتەوە.

هاوکات بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "گاردیان"، پێش بەڕێوەچوونی لووتکەی چارەنووسسازی 20ی تشرینی دووەم لە نێوان لەندەن و برۆکسل، دانوستانکارانی بەریتانیا پێشنیازێکی نوێیان خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆکان کە تێیدا کەرتی خوێندنی باڵا بەستراوەتەوە بە ئایندەی پیشەسازیی وڵاتەکەیانەوە.

لە کاتێکدا ئێستا خوێندکارانی نێودەوڵەتی لە زانکۆکانی بەریتانیا رەنگە ساڵانە زیاتر لە 60 هەزار پاوەند خەرج بکەن، یەکێتیی ئەوروپا داوا دەکات خوێندکارەکانی هاوشێوەی هاووڵاتییانی بەریتانیا ساڵانە تەنیا نزیکەی 9 هەزار پاوەند بدەن. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم زیانە داراییەی زانکۆکان، مۆدێلە ئابوورییەکانی وەزارەتی گەنجینەی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکەن کە حکوومەت پێویستە ساڵانە تا 450 ملیۆن پاوەند لە خەزێنەی دەوڵەت بداتە زانکۆکان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکان بە گاردیانی راگەیاندووە: "ئێمە ئامادەین ئەوەی ئەوروپییەکان دەیانەوێت لە کەرتی خوێندندا پێیان بدەین، بەڵام لە بەرامبەردا دەبێت دەستکەوتێکی گەورە مسۆگەر بکەین؛ گەورەترین خەڵات بۆ ئێمە پاراستنی کۆمپانیاکانمانە لە نێو پڕۆگرامی (Made in Europe)."

پڕۆگرامی پیشەسازیی "Made in Europe" کە بڕیارە ساڵی داهاتوو لە لایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پەسەند بکرێت، ئیمتیازاتی گەورە دەداتە بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتانی یەکێتییەکە و بەربەست بۆ بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دروست دەکات. لەندەن دەترسێت پیشەسازییەکانی، بەتایبەت کەرتی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، زیانی گەورەیان پێ بگات ئەگەر هاوشێوەی ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت.

ئاندی بێرنهام، دەیەوێت لە لووتکەی داهاتوودا سوودەکانی لێکنزیکبوونەوەی زیاتر لەگەڵ ئەوروپا بسەلمێنێت و رێگە بۆ ئایندەی پەیوەندییەکان، تەنانەت تا ئاستی ئەگەری گەڕانەوە بۆ نێو یەکێتییەکەش خۆش بکات.

بەپێی زانیارییەکان، زۆربەی بەشەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە یەکلایی بوونەتەوە؛ لەوانە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەروبوومی کشتوکاڵی، کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن، و پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی گەنجان کە بەپێی پلانەکە ڕێگە بە نزیکەی 80 هەزار لاوی ئەوروپی دەدرێت بۆ ژیان، کارکردن و خوێندن ڕوو لە بەریتانیا بکەن.