حه‌شدی شه‌عبی ڤیدیۆی هێرشی فڕۆكه‌كانی ئیسرائیلی بڵاوكرده‌وه‌

باره‌گایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی له‌ پارێزگای ئه‌نبار كردووه‌ته‌ ئامانج

K24 - هه‌ولێر:

حه‌شدی شه‌عبی ڤیدیۆیه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌، ئه‌و ڤیدیۆیه‌ ساتی هێرشی فڕۆكه‌كانی ئیسرائیله‌ بۆ سه‌ر پێگه‌یه‌كی حه‌شد له‌ قه‌زای قائیمی پارێزگای ئه‌نبار و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیانی زۆر به‌ چه‌كدارانی حه‌شد كه‌وتووه‌.

پێشتریش حه‌شدی شه‌عبی روونیكردبووه‌وه‌ كه‌ دوو فڕۆكه‌ی ئیسرائیلی هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و خاڵێكی سه‌ربازیی (لیوای 45)ـیان له‌ ناوچه‌ی ئۆپراسیۆنی ئه‌نبار كردووه‌ته‌ ئامانج و به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌كدارێكی حه‌شدی شه‌عبی كوژراوه‌ و یه‌كێكی دیكه‌ش بریندار بووه‌".

حه‌شدی شه‌عبی سوپای ئیسرائیل به‌ ده‌ستدرێژیی كردنه‌سه‌ر خاكی عێراق تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌ڵێت: "ھێرشی فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل له‌ كاتێكدا بووه‌ له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌وه‌ پارێزگارییان لێكراوه‌".

به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌وه‌ لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی له‌ په‌رله‌مانی عێراق داوای كۆبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌باره‌ی ده‌رهاویشته‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی بكرێت.