جوتیارێک لە فرۆشتنی 210 سندووق تەماتە 130 هەزار دیناری دەستدەکەوێت
جوتیاران لە فرۆشتنی بەرهەمی خۆماڵی زەرەرمەندن
K24 - دھۆك
لە دهۆک نرخی سندووقی تەماتە لە باشترین جۆر هەزار بۆ دوو هەزار دینارە، جوتیارێکی دەڤەرەکە دەڵێت، لە فرۆشتنی 210 سندووق لە تەماتەی خۆماڵی تەنیا 130 هەزار دیناری بۆ ماوەتەوە، بەوەش زیانی بەرکەوەتووە، جووتیاران داوادەکەن لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی خۆماڵی هاوردەکردن قەدەخە بکرێت.
حاجی مسلم، یەكێكە لە جوتیارەكانی دھۆك بە كوردستان24ی گوت: "لە وەرزی بەھارەوە خەریكی بەرھەمھێنانی تەماتەین، ئێستا دەیبەینە گومرگ كیلۆی بە 100 دینار دەفرۆشین، یان سندووقی بە 2 ھەزار دینار دەفرۆشین، ھەزار دینار بۆ كرێی ئۆتۆمبێل و ھەزار دینار بۆ خۆمان دەمێنێتەوە، ھەندێك جاریش جووتی سندووقی تەماتەمان بە 3 ھەزار فرۆشتووە، ھۆكارەكەش ئەوەیە كە تەماتە لە وڵاتانی دیكە دێتە ناو ھەرێمی كوردستان".
گوتیشی: "داوا دەكەین حكوومەت كارگە دروست بكاتم بۆ ئەوەی ھەم جوتیار و ھەمیش حكوومەت سوود لە بەرھەمی ناوخۆ بكات".
یەكێكی دیكە لە جوتیارەكان بەناو عەلی دێرگژنیکی دەڵێ: "210 سندووق تەماتەم فرۆشتووە بە 130 ھەزار دینار، فەردە كیمیای 25 كیلۆیی بە 70 ھەزار دەكڕین، بەم جۆرە چۆن قازانج لە بەرھەمەكەمان دەكەین؟".
دوای گلەیی ژمارەیەك لە جوتیارانی ھەرێمی كوردستان، بە بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ لە ئەمڕۆوە 1/9/2019، ھاوردەكردنی تەماتە بۆ ھەرێمی كوردستان قەدەغە كرا.
ھ.م