له‌وه‌ته‌ی مێژووی تۆپی پێ یه‌كه‌مجاره له گواستنه‌وه‌ی یاریزانان ئه‌م كاره رووبدات
رێژه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان به‌شێوه‌ی خواستن به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ر به‌رز بۆته‌وه

گواستنه‌وه‌ی یاریزانه‌كه بۆ وه‌رزێك پاشان كڕینه‌وه‌ی به نرخێكی دیاریكراو ئه‌و رسته‌یه له بازاڕی گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی یاریزانان زۆرترین جار بیستراوه و به‌كارهاتووه، یانه‌كانی ئه‌ورووپا زۆرترین هه‌وڵیان بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانی كاتی و خواستن بووه.
دوایین هه‌فته‌كانی بازاڕی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان زۆرترین گرێبه‌ستی گرانبه‌های تێدا كرا، به‌ڵام به‌شێوه‌ی خواستن له‌گه‌ل كڕینه‌وه‌ی یاریزانه‌كه به شێوه‌ی كۆتایی.
ماورۆ ئیكاردی بۆ پاریس سانجێرمان، ئه‌لێكسیس سانچێز، بۆ ئینته‌رمیلان و فلیپ كۆتینهۆ بۆ بایرن میونشن، دیارترین ئه‌و یاریزانانه‌ن كه ئه‌م هاوینه به‌شێوه‌ی خواستن بۆ وه‌رزێك و كڕینه‌وه له كۆتایی وه‌رز یانه‌كانیان جێهێشتووه.
پێشووتر له ئه‌وروپا به خواستن ده‌گوترا هه‌لی زیاتر یاریكردن، ئه‌و یاریزانه‌ی له یانه‌كه‌ی كه‌م یاریی ده‌كرد ده‌چووه یانه‌یه‌كی دیكه و به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی ده‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام ئێستا كاره‌كان بۆ خۆپاراستنه له هاوسه‌نگی یاسای دارایی خاوێنی فیفا و یۆفا.
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی فه‌ینانشاڵ تایمز رێژه‌ی خواستنی یاریزانان له گواستنه‌وه‌كانی هاوینی 1992 ته‌نیا 6% گرێبه‌سته‌كان بوون، به‌ڵام له هاوینی 2019 ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمار كرا و 30% گرێبه‌سته‌كان به خواستن واژۆ كران.
یه‌كێك له به‌رپرسه گه‌وره‌كانی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له لێدوانێكی بۆ رۆژنامه‌ی فه‌ینانشاڵ تایمز ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی كردووه خواستنی یاریزانه‌كان هه‌لی زیاتر ده‌دا به یانه‌كه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له یاریزانی بێسوود بپارێزێت و له‌ماوه‌ی وه‌رزێك هه‌موو هه‌ڵسه‌نگاندنێكی خۆی بكات پاشان بیكڕیته‌وه، له ئه‌گه‌ری سه‌رنه‌كه‌وتنیشی ئه‌وا به‌بێ كێشه و زیانی دارایی ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ یانه‌كه‌ی خۆی.
به‌رپرسه‌كه ئه‌لێكسیس سانچێزی كردووه به نموونه، ئه‌و یاریزانه چیللییه له مانچێسته‌ر یونایتد ئاستی باش نه‌بوو، هه‌لی زۆر پێ نه‌درا له ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامبوونی ئاستخراپی سانچێز ئینته‌رمیلان به‌بێ زیانی زۆری دارایی سانچێز ده‌گه‌ڕێنێته‌وه مان یونایتد.
له توێژینه‌وه‌یه‌كی قوتابیانی زانكۆی میشیگانی ئه‌مریكی ده‌ركه‌وتووه زۆربه‌ی ئه‌و یاریزانانه‌ی به شێوه‌ی خواستن په‌یوه‌ندی به یانه‌یه‌كی دیكه‌وه ده‌كه‌ن گه‌شه ناكه‌ن و ئاستیان داده‌به‌زێت و فشاری ده‌روونی و جه‌سته‌یی له‌سه‌ر یاریزانه‌كه درووست ده‌كات.
زانكۆكه خامێس رۆدریگێزی به نموونه هێناوه‌ته‌وه ئه‌و یاریزانه كۆڵۆمبییه له ماوه‌ی خواستنه‌كه‌ی بۆ بایرن میونشن ئاستی خراپتر بوو، پاشانیش گه‌ڕایه‌وه ریال مه‌درید.
له ماوه‌ی رابردووش پاریس سانجێرمان كاری به گواستنه‌وه‌ی یاریزانان بۆ ساڵێك و پاشان كڕینه‌وه‌ی كردووه كه له هاوینی 2017 كیلیان مباپێی به‌شێوه‌ی خواستن بۆ ساڵێك گواسته‌وه پاشان به 120 ملیۆن یۆرۆ، ساڵی دوای ئه‌وه كرییه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی نرخی مباپێ ناهاوسه‌نگی له یاسای داریی خاوێن له‌گه‌ل نێیمار درووست نه‌كات كه ئه‌وكات یاریزانه بڕازیلییه‌كه به 222 ملیۆن یۆرۆ بووه گرانترین یاریزانی مێژوو.