سبه‌ی فیفا باشترین یاریزانی 2019 دیاری ده‌كات
ڤان دایك به‌هێزترین ركابه‌ره بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه

له میلانۆی ئیتاڵیا سبه‌ی شه‌و فیفا باشترینه‌كانی ساڵ خه‌ڵات ده‌كات، ڤان دایك و مێسی و رۆناڵدۆ ململانێی بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی باشترین یاریزان ده‌كه‌ن، ڤان دایك به‌هێزترین به‌ربژێره وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه.
له شانۆی ئۆپیرای ئالا سكالای میلانۆ فیفا خه‌ڵاتی زه بێستی باشترین یاریزانی جیهان ده‌به‌خشێت.
رۆد گۆلێتی ئه‌فسانه‌ی پێشووی هۆڵه‌ندا و ئیلاریا دامینكۆی خۆشه‌ویستی جانویلیجی بۆفۆن وه‌ك پێشكه‌شكار ئاهه‌نگه‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
خه‌ڵاتی زه بێست دوای جیابوونه‌وه‌ی فیفا له‌گه‌ڵ گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ له ساڵی 2016ـه‌وه فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ده‌یبه‌خشێت بۆ ئه‌مساڵیش 10 خه‌ڵاتی جیاواز جگه له چه‌ند خه‌ڵاتێكی تایبه‌تی ده‌به‌خشرێت.
فیفا له ئاهه‌نگه‌كه خه‌ڵاتی زه بێستی تایبه‌ت به باشترین یاریزانی پیاوان دابه‌ش ده‌كات كه لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ و ڤیرجل ڤان دایك به‌ربژێری كۆتایی خه‌ڵاته‌كه‌ن كه ڤان دایك مانگی رابردوو به باشترین یاریزانی ئه‌وروپا ده‌ستنیشانكرا و به به‌هێزترین به‌ربژێری بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاتی زه بێستیش داده‌نرێت.
له‌سه‌ر ئاستی خانمانیش فیفا باشترین یاریزان دیاری ده‌كات و خه‌ڵاتی زه بێستی پێ ده‌به‌خشێت كه بۆ ئه‌مساڵ لۆسی برۆنز و ئالێكس مۆرگان و مێگان رابینۆ ركابه‌ری ده‌كه‌ن كه مێگا و مۆرگان به‌یه‌كه‌وه مۆندیالی خانمانیان بۆ ئه‌مریكا برده‌وه.
هه‌ر له ئاهه‌نگه‌كه باشترین راهێنه‌ری پیاوان له نێوان پیپ گواردیۆلا و یۆرگن كلۆپ و ماوریزیۆ پۆچێتینۆ دیاری ده‌كرێت باشترین راهێنه‌ری خانمان و باشترین گۆڵپارێزی پیاوان و خانمان دیاری ده‌كرێت و خه‌ڵاتیان پێ ده‌درێت.
هه‌روه‌ها فیفا خه‌ڵاتی بۆشكاش بۆ جوانترین گۆڵ ده‌به‌خشێت و لیۆنێل مێسیش یه‌كێك له گۆڵه‌كانی به‌ربژێری بردنه‌وه‌ی خه‌ڵاته‌كه‌یه و هاوشانی دوو گۆڵی دیكه ركابه‌ری ده‌كات.
له ئاهه‌نگه‌كه‌ی فیفا باشترین هانده‌ران دیاری ده‌كرێت جگه له‌وه‌ش پێكهاته‌ی ساڵی جیهانی پیاوان و خانمان له نێوان په‌نجا و پێنج یاریزانی به‌ربژێر دیاری ده‌كرێت.
