"هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچەی پێشمەرگە دەگەنە رێککەوتن"

مانگانە 68 ملیار دینار مووچەی پێشمەرگە دەخرێتە سەر بودجەی وەزارەتی بەرگریی

K24- هه‌ولێر:

جێگری سەرۆکی لێژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ ئاشکرای دەکات، وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی پێشمەرگە دەدۆزێتەوە و دەشڵێت: مانگانە بڕی 68 ملیار دینار دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەڵام بۆ پێشمەرگەی نانێرێتز ئەندامێکی لێژنەی بەرگریی و ئاسایشی نیشتیمانی عێراقیش دەڵێت: گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا لە بارەی ناردنی مووچەی پێشمەرگە بەردەوامە و پێشبینیی ده‌كرێت له‌ كاتێكی نزیكدا بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

له‌م باره‌یه‌وه‌ عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لێژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای ده‌كات، حكوومەتی عێراق بیانوو بۆ نەناردنی ئەو پارەیە دێنێتەوە و دەڵێت: وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق داوای لیستی ناوی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە، ئەم داواکاریەش یاسایی نییە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، هۆكارێكی دیكه‌ی نەناردنی بودجەی پێشمەرگە بۆ رێگرییه‌كانی بەشێك لە فراکسیۆنە شیعە و سوننەکانی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەری تەواوی کێشەکان دەستی پێ کردووە و هەردوولا له‌سه‌ر رێكکارەکانی ناردنی مووچەی پێشمەرگە بەردەوامن، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ناسر هه‌ركی، ئەندامی لێژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاشکرای دەکات، هەردوو شاندی هەولێر و بەغدا بەم نزیکانە دەگەنە رێککەوتن، یەکێك لەو رێکكەوتنانەش له‌سه‌ر ناردنی مووچەی پێشمەرگەیە.

بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵی 2019، دەبێت حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی عێراقدا مانگانە بڕی 68 ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە بنێرێت، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نەناردووه‌، ئەگەر حكوومەتی عێراق ئەو پارەیە بۆ پێشمەرگە بنێرێت، ئه‌وا حکوومەتی کوردستان دەتوانێت مووچەی پێشمەرگە هاوتای مووچەی سوپای عێراق بکات.

H.B