ئه‌كره‌م سه‌لمان ده‌ستی له راهێنه‌رایه‌تی یانه‌ی هه‌ولێر كێشایه‌وه
یانه‌ی هه‌ولێر بۆ شوێنگره‌وه‌ی ئه‌كره‌م سه‌لمان له‌گه‌ڵ ئه‌م راهێنه‌ره له گفتووگۆدایه

دوای 3 یه‌كسانبوونی له‌سه‌ریه‌كی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ده‌ستپێكی ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی نایابی عێراق، ئه‌كره‌م سه‌لمان راهێنه‌ری یانه‌كه هاوشانی حه‌یده‌ر مه‌حموودی یاریده‌ده‌ری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆیان له پۆسته‌كانیان راگه‌یاند.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له یانه‌ی هه‌ولێر به كوردستان24ـی راگه‌یاند كه ئه‌كره‌م سه‌لمان راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌شی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كه‌ی كردووه.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو كه یانه‌ی هه‌ولێر بۆ شوێنگره‌وه‌ی ئه‌كره‌م سه‌لمان له‌گه‌ڵ نزار مه‌حروسی راهێنه‌ری سووری له گفتووگۆدایه.
یانه‌ی هه‌ولێر هێشتا به فه‌رمی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌كره‌م سه‌لمانی له راهێنه‌رایه‌تی یانه‌كه رانه‌گه‌یاندووه، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه هه‌موو شتێك كۆتایی هاتووه و یانه‌ی هه‌ولێر ئێستادا به دوای شوێنگره‌وه‌ی ئه‌و راهێنه‌ره‌دا ده‌گه‌رێت و له‌گه‌ڵ نزار محروس له‌سه‌رهێڵه كه پێشتر نازناوی خولی نایابی عێراقی بۆ هه‌ولێر بردۆته‌وه.
سه‌رچاوه‌كه ئه‌وه‌شی به كوردستان24 راگه‌یاندووه كه نزار مه‌حروس مووچه‌ی مانگانه‌ی 12 ملیۆن دیناری كردۆته مه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر.
نزار مه‌حروس له ئایاری 1963 له دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا له دایك بووه، پێشتر له ساڵانی هه‌شتایه‌كان و سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان یه‌كێك بووه له باشترین هێرشبه‌ره‌كانی پێشووی سووریا و له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوبانگێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه، دواتر روویكرده بواری راهێنه‌رایه‌تی و نزیكه‌ی 20 یانه‌ی تاقی كرده‌وه و به‌شێكی زۆری ئه‌زموونی راهێنه‌رایه‌تی له وڵاتانی ئیمارات، ئوردن، لوبنان و سعوودیه تێپه‌ڕ كردووه، پێشتر له وه‌رزی 2011 ـ 2012 راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر بووه و له یه‌كه‌مین وه‌رزیدا نازناوی خولی نایابی عێراقی بۆ یانه كوردییه‌كه‌ی پایته‌ختی باشووری كوردستان بردۆته‌وه.
