ساڵانە سریلانكا 38 ملیۆن كیلۆگرام چا ھەناردەی ھەرێمی كوردستان دەكات

سریلانكا دەیەوێت چای زیاتر ھەناردەی ھەرێمی كوردستان بكات

K24 - ھەولێر

ساڵانە سریلانكا 38 ملیۆن كیلۆگرام چا ھەناردەی ھەرێمی كوردستان دەكات، كە ھێندەی سێ وڵات تەنیا بۆ كوردستان ھاوردە دەكات. بەڕێوەبەرێكی بەبازاڕكردن لە دەستەی چای سریلانكا لە كوردستان دەڵێ "دەمانەوێ چای زیاتر ھەناردەی ھەرێمی كوردستان بكەین، چونكە خەڵكی كوردستان دەیانەوێ باشترین چایان ھەبێت و زیاتریش حەز بە چای رەشی جۆری سیلۆن و ئپی ئۆپی دەكەن، ئەوانەش باشترین جۆری چان لە جیھان".

پریمه‌لا سریكانسا، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی چای سریلانکا بە كوردستان24ی گوت: "ھەرێمی كوردستان یەكێكە لە كڕیارەكانی ئێمە و چایەكی زۆری سیلۆن ھاوردە دەكات. ئێمە ساڵانە 38 ملیۆن كیلۆن گرام ھەناردەی ھەرێمی كوردستان دەكەین، ئێمە چای رەش بەرھەم دەھێنین و خەڵكی كوردستانیش زۆرتر حەز بەو جۆرە چایە دەكەن".

ئاماژەی بەوەشدا: "وەك سریلانكا لە ساڵی 1997 پەیوەندیی سیاسیمان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و عێراق ھەیە".

سریلانکا کە بە مەرجانی ئۆقیانۆسی هیند بەناوبانگە، ساڵانە نزیکەی 300 ملیۆن کیلۆگرام چا بۆ 159 وڵات دەنێرێت، هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لە هاوردەکارە چالاکەکانی چای سریلانکی و ئەو چایە رۆژانە میوانی سفرەی زۆرینەی کوردستانیانە.

ھ.م