په‌رله‌مان و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان پاڵپشتی بڕیارێكی حكوومه‌ت ده‌كه‌ن

داوای جێبەجێکردنی یاسای پێدانی زانیاری بۆ رۆژنامەنووسان دەکرێت

K24 - هه‌ولێر:

پەرلەمان و سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پشتگیری بڕیارێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، لە بارەی پاراستنی نووسراو و مامەڵەکانی حکوومەت، لەلایەن فەرمانبەرانەوە.

پەرلەمانتاران دەڵێن ئەگەر پێویست بکات یاسای سزادانی عێراقی بۆ هەموار دەکەینەوە، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانیش رایده‌گه‌یه‌نێت، دەبێت دامەزراوەکانی حکوومەت بۆ کاری رۆژنامەوانی رێکبخرێنەوە.

پاراستنی داتا و مامەڵە و نووسراوەکانی حکووومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن فەرمانبەرانەوە هەنگاوێکی جدی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، لە دوو کۆبوونەوەش داوا لە فەرمانبەران کراوە پابەندی پاراستنی بەڵگەنامەکانی حکوومەت بن.

ئەم هەنگاوە پێشوازی لێدەکرێت بۆ رێکخستنی کاری حکوومەت و فەرمانگەکان و پاراستنی زانیارییە کەسییه‌کان و فەرمانگەکان، بریاردەری لیژنەی یاسايی پەرلەمانی کوردستان، بەهەنگاوێکی باشی دەزانێت دەشڵێت: "ئەگەر پێوست بکات یاسای سزادانی بۆ هەموار دەکەینەوە".

کاری راگەیاندن و پەیوەندی، تا دێت بەرەو پێش دەڕوات، بەڵام لە هەرێمی کوردستان سۆشیال میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن لە قۆناخێکدان پێوستیان بە یاسا و هەمواری یاسای کاری رۆژنامەگەریيە، بۆ ئەم بڕیارەی حکوومەتیش، سەندیکای رۆژنامەنووسان پشتگیری بڕیارەکەی حکوومەت دەکات، بەڵام داواش دەکات فەرمانگەکانی حکوومەت بۆ کاری رۆژنامەوانی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری رێکبخرێنەوە.

لە دوایين کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا جەختکرایەوە لە سه‌ر پاراستنی بەڵگەنامەکانی حکوومەت و بۆ ئه‌وه‌ش دەبێت فەرمانبەران پابەندی پاراستنی نووسراو و بەڵگەنامە فەرمییەکان بن و نابێت فەرمانبەران لە دەرەوەی مەبەستی وەزیفی، بۆ بەرژەوەندی خۆیان یان کەسانی دیکەـ مامەڵەیان پێ بکەن یان لە ئینتەرنێت و بەتایبەتی سۆشیال میدیا بڵاوبکرێنەوەـ پەرلەمان و سەندیکا پشتگیری بڕیارەکە دەکەن و لە بەرامبەرادا داوای جێبەجێکردنی یاسای پێدانی زانیاری  بۆ رۆژنامەنووسان دەکرێت.

ئ. م