عێراق پڕۆژەی نەوت بەرامبەر ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكان دەخاتە بەر دەستی چین

چین 20% بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق ھاوردە دەكات

K24 - ھەولێر

لە چوارچێوەی سەردانی شاندێكی گەورەی عێراقی بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەھدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ چین، بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە ئاوەدانكردنەوە و وەبەرھێنانیان كاراكرد.

بەگوێرەی بەرنامەكە، دەبێت كۆمپانیا چینییەكان روو لە عێراق بكەن و بۆ ئەوەی 100 ھەزار بەرمیلی نەوتی رۆژانەیان دەستبكەوێت، پێویستە لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان بەشداربن.

عەبدولمەھدی بە راگەیاندنەكانی گووتوە، ئێستا چین 20% بەرھەمھێنانی نەوتی عێراق ھاوردە دەكات لە رۆژێكدا، رێككەوتوون لەگەڵ ئەو وڵاتە كە سندوقێكی ھاوبەشی وەبەرھێنان لە نێوان ھەردوو وڵات دابمەزرێندرێت كە تەنیا پارەداركردنی نەوتی لە رێگەوە ئەنجامبدرێت.

ئەمە لە كاتیكدایە قەبارەی وەبەرھێنانی چین لە عێراق گەیشتووەتە 20 ملیار دۆلار كە تیشكی خستووەتە سەر وەبەرھێنان لە كەرتی وزە لە رێگەی پێكھێنانی ھاوپەیمانییەك لە كۆمپانیا جیھانییەكان و ھەروەھا بەشێوەی تاك، بە ئامانجی پەرەپێدانی ھەندێك لە وێستگەكانی كارەبا لە عێراق، جگە لەوەی كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ساڵانە لە نێوان ھەردوو وڵات دەگاتە 21 ملیار دۆلار و كۆی ھەناردەكانی لە نەوت بە بەھای 15 ملیار دۆلارە.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە عێراق بۆ پەرەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی ژێرخانی بنەرەتی وڵاتەكە پێوسیتی بە 88 ملیار دۆلارە.

ھ.م