ئیلهام ئەحمەد: رێککەوتنمان لەگەڵ رژێمی سووریا تەنھا لە بواری سەربازییە
"دەمانەوێت خەڵك لە ھێرشەكانی توركیا بپارێزین"
K24 - ستۆكھۆڵم
ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات رایگەیاند، رێککەوتنیان لەگەڵ رژێمی سووریا تەنیا سەربازییە و ئامانجیش لێی بڵاوکردنەوەی هێزەکانی سوپای سووریایە لەسەر سنووری بۆ رێگە گرتن لە هێرشەکانی تورکیا لەسەر رۆژئاوای کوردستان و پاراستنی هاووڵاتییان.
ئیلهام ئەحمەد، گوتیشی: "لە بەرامبەر ئەو خەبات و تێكۆشانەی خەڵكی ئێمە دژی داعشیان كرد، دەبوایە پاداشت بكرابان، كەچی ئێستا ھێرشی توركیایان لەسەرە، ئەو كەسانەی بەرگریان كرد لە سەقامگیری ناوچەكە و مرۆڤایەتی ئێستا بە لەلایەن سوپای توركیا و میلیشاكانی سووریای سەر بە توركیا دەكوژرێن".
راشیگەیاند: "رێككەوتنمان لەگەڵ حكوومەتی سووریا رێككەوتنێكی سەربازییە بۆ پاراستنی خەڵك و گرتنی سنوورەكان".
ئیلھام ئەحمەد ئاشكراشی كرد: "لە دیدارێكیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوید باسیان لە ھێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كردووە و سوید لەو دۆخە نیگەرانە".
ھ.م