رووسیا و توركیا به‌ رۆبڵ و لیره‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ 11.7% کارە بازرگانییەکانی بە رۆبڵ ئەنجامدراوە

K24 – هه‌ولێر:

بانکی ناوەندی رووسیا رایگەیاند، دراوی رۆبڵ رۆڵی گرنگی گێڕاوە لە بازرگانی کردنیان لەگەڵ تورکیا بە جۆرێک لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ 11.7% کارە بازرگانییەکانی بە رۆبڵ ئەنجامدراوە.

بانکی ناوەندی رووسیا ئاماژەی بەوەداوە، دۆلار کۆی 83.1% کۆی بازرگانییەکان پێکدەهێنێت. دوا ئەویش 5% بە یۆرۆ و 0.2% بە دراوەکانی دیکە ئەنجامدەدرێن، بە لیرەی تورکیشەوە کە لە هەمان ماوەدا کاری بازرگانی پێ کراوە.

جەختیش لەوەدەکاتەوە لە میانی هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزاری بۆ رووسیا، رۆبڵ رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە، کە کۆی هاوردە لە تورکیا لە مانگی کانوونی دووەم تا مانگی حوزەیران 5.1 ملیار دۆلار بووە.

هاوکات لەم مانگەشدا وەزارەتی دارایی رووسیا لەگەڵ وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا رێککەوتنیان واژوو کردووە، لەسەر ئەنجامدانی بازرگانی نێوانیان بە دراوی نیشتمانی.

لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، بە شێوەی پلەبەندی روو لە رۆبڵ و لیرە دەکەن لە بازرگانی نێوانیان بۆ ئەوەی لە مەترسییەکانی بازاڕ و هەڵگەڕانەوەی نرخ خۆیان بپارێزن.

Fly Erbil Advertisment